ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراوی بەندیخانەی ئورمیە گەیشتە ٤ کەس
ناسنامەی دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی مەهدی تەیمووری و داوود مەحموودیار بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە کە ڕۆژی هەینی لە بەندیخانەی ئورمیە لە سێدارە در
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٣
ناسنامەی دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی مەهدی تەیمووری و داوود مەحموودیار بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە کە ڕۆژی هەینی لە بەندیخانەی ئورمیە لە سێدارە دراون و چارەنووسی بەندکراوێکیش هێشتا نادیارە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ ( ٥ی مەیی ٢٠٢٣ )، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی تورک بە ناوەکانی مەهدی تەیمووری و داوود مەحموودیار کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە ئەو سزایەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێکراوە.
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هەر ئەو ڕۆژە دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی فەرامەرز شەخسی تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی سەردەشت و هەروەها بەهزاد پوورحەنیفی بەندکراوی تورکی خەڵکی ئورمیە بە هەمان تۆمەت لە سێدارە دراون.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم ٤ بەندکراوە پێنجشەممەی ڕابردوو لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە کە هەتا ئێستا ناسنامە و چارەنووسی نادیارە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوونەوە.