جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کەرەج

لانی کەم ٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی قزڵحسار و ڕەجایی شاری کەرەج کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددی هۆشبەر و دەستدرێژی سێکسی سزای سێدارەیان بەسەردا

٢٠ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ٠٩:١١


هەنگاو: چوارشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

لانی کەم ٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی قزڵحسار و ڕەجایی شاری کەرەج کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددی هۆشبەر و دەستدرێژی سێکسی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، ڕۆژی ڕابردوو بۆ بەندی تاکەکەسی گواسترانەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە سێدارەدران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (١٠ی مەیی ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی سێ بەندکراو بەناوەکانی عەبدولحوسێن ئیمامی موقەدەم خەڵکی کۆیەشتی پارێزگای لوڕستان و بابەک ئاقایی و حوسێن پەنجەک، هەردووک خەڵکی تاران لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێکرا.

ئەم سێ بەندکراوە ماوەی ١٠ ساڵە بەندکرابوون و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.


شیاوی ئاماژەپێدانە، کە شەوی ڕابردوو بنەماڵە و کەسانی نزیکی ئەم سێ بەندکراوە لەبەردەم بەندیخانەی قزڵحەسار کۆبوونەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی ئەم سێ بەندکراوەیان کردبوو. بەڵام هێزەکانی حکوومەت بە باتۆم و لێدان هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی ئەم بەندکراوانە و بەمەبەستی کۆتاییهێنان بەم کۆبوونەوەیە کەڵکیان لە گازی فرمێسکڕێژ وەرگرت.


لە لایەکی دیکەوە و هاوکات، سزای لانی کەم ٤ بەندکراوی دیکە کە پێشتر بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج جێبەجێکرا.
ناسنامەی ئەم چوار بەندکراوە هەتا ئێستا بۆ هەنگاو ئاشکرانەبووە و هەنگاو بەدوداچوونی بۆ دەکات.


هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم ٧ بەندکراوە لە هیچ کام لە میدیاکانی سەر بە حکوومەت و دەزگای دادوەریی بڵاونەکراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە