بەندیخانەی ئورمیە؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراو

سزای سێدارەی سێ بەندکراو، بە تۆمەتی تاوانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێکرا. ناسنامەی دوو کەس لەم بەندکراوانە بەناوەکانی

١٩ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٢:٢٤


هەنگاو؛ هەینی ١٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

سزای سێدارەی سێ بەندکراو، بە تۆمەتی تاوانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێکرا. ناسنامەی دوو کەس لەم بەندکراوانە بەناوەکانی جەعفەر محەممەدپوور و قوباد فەرهادی بۆ هەنگاو ئاشکرابووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی هەینی ١٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٩ی ژوئەنی ٢٠٢٣ )، سزای سێدارەی لانی کەم سێ بەندکراو، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێکرا.

ناسنامەی دوو کەس لەبەندکراوانە بەناوەکانی جەعفەر محەممەدپوور، تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی سەردەشت و قوباد فەرهادی خەڵکی کرماشان ئاشکراکراوە و لە ئێستادا هەنگاو لە هەوڵی زانینی ناسنامەی کەسی سێیەمدایە.

ئەم سێ بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەهۆشبەرەکان دەستبەسەرکرابوون و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. ڕۆژی ڕابردوو ئەم بەندکراوانە دوایین دیدارییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان ئەنجامدابوو.

جەعفەر محەممەدپوور و قوباد فەرهادی هەر دوویان خێزاندار و باوکی چەند منداڵ بوون.

لە لایەکی دیکە و بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی هەنگاو گەیشتووە، سزای سێدارەی پەروین مووسەوی کە لەسەر هەمان تۆمەت سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابووەوە، بەشێوەیەکی کاتی ڕاگیراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم سێ هاووڵاتییە لە میدیاکانی نزیک لەحکوومەت و بەتایبەتی میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەریی بڵاونەکراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە