ڕفاندنی ٦ لاوی شاری سەراوڵەی ئیلام لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە
مێهرداد قەیسەربەیگی، ئەیووب گەڕاوەند، یوونس گەڕاوەند، نەوید محەممەدنژاد، محەممەد تەهماسبی و حامید ڕەحمانی، ٦ هاووڵاتیی لاوی خەڵکی شاری "سەراوەڵە"
هەنگاو: یەکشەممە، ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٣
مێهرداد قەیسەربەیگی، ئەیووب گەڕاوەند، یوونس گەڕاوەند، نەوید محەممەدنژاد، محەممەد تەهماسبی و حامید ڕەحمانی، ٦ هاووڵاتیی لاوی خەڵکی شاری "سەراوەڵە"ی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١١ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، یوونس گەڕاوەند، مێهرداد قەیسەربەیگی، خێزاندار و تەمەن ٣٤ ساڵ، ئەیووب گەڕاوەند، خێزاندار و تەمەن ٣٦ ساڵ، نەوید محەممەدنەژاد، تەمەن ١٧ ساڵ و ڕاهێنەری وەرزشی بواری ڤۆشۆ، محەممەد تەهماسبی، تەمەن ٣٦ ساڵ و مامۆستای قوتابخانە و حامید ڕەحمانی، تەمەن ٢٣ ساڵ و شۆفێری تاکسی، ٦ هاووڵاتیی لاوی خەڵکی شاری "سەراوەڵە"ی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندران.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەو ٦ هاووڵاتییەی شاری سەراوەڵە، دوای ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون، بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندیی شاری ئیلام گواستراونەتەوە.
پێشتریش مێهرداد قەیسەربەیگی و ئەیووب گەڕاوەندی، لە مانگی خەزەڵوەری ٢٧٢٢دا لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری سەراوڵە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە جارێکی دیکە دەستبەسەر کرابوون.
تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە ئەو ٦ هاووڵاتییە و هەروەها باری تەندروستیان دوای دەستبەسەربوونیان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، لە بەردەستدا نییە.