بەندیخانەی سەقز؛ بەندکراوێک بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە

بەندکراوێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی عەباس تاڵبی کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، بۆ دوایین جار ڕێگەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی پێ دراوە و ئەگەری لە

٢٢ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٧:٢٩


هەنگاو: دووشەممە، ٢٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

بەندکراوێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی عەباس تاڵبی کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، بۆ دوایین جار ڕێگەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی پێ دراوە و ئەگەری لەسێدارەدانی زۆرە. ئەم بەندکراوە بە تۆمەتی "کوشتنی زاواکەی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٢ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، عەباس تاڵبی، بەندکراو لە بەندیخانەی سەقز کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، بۆ دوایین جار ڕێگەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی پی دراوە و دواتر بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە گواستراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، بڕیارە دراوە کە بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی جۆزەردان، سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە کە چەند ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز جێبەجێ بکرێت.

سەرچاوە ئاگادارەکانی هەنگاو لەم پەیوەندییەدا ڕایانگەیاندووە؛ ئەو بەندکراوە لە شەڕێکی دەستەویەخەدا لە پارکی منداڵانی سەقز بەهۆی ئەوەی کە بە وتەی خۆی "کچەکەی ئازار داوە و هەراسانی کردووە" بە چەقۆ زاواکەی خۆی کوشتووە.

شایانی باسە کە هەوڵی ژمارەیەک کەسی ناسراوی شاری سەقز بۆ نێوبژیوانی و وەرگرتنی ڕەزامەندیی بنەماڵەی قوربانییەکە، تاکوو ئێستاش هیچ ئاکامێکی نەبووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە