سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی هەرسین لە بەندیخانەی کەرەج جێبەجێکرا

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی هەرسین بەناوی فەرشاد عەبدولی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپ

١١ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١١:١٠


هەنگاو: یەکشەممە ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی هەرسین بەناوی فەرشاد عەبدولی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێکرا. هاوکات سێ بەندکراوی دیکە بۆ بەندی گشتی گەڕێندرانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٢ی جوڵای ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی فەرشاد عەبدولی، ٣٠ ساڵە و خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەرشاد عەبدولی لە ساڵی ٢٧١٩ دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج گواسترایەوە. دواتر ناوبراو بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

هەروەها سێ بەندکراوی دیکەی مەحکوم بە سێدارە کە هەنگاو پێشتر ناسنامەی یەکێکیانی بەناوی مەنووچێهر بەرگزەر خەڵکی هەرسین بڵاوکردبووەوە، بۆ بەندی گشتی گواسترانەوە. ئەم بەندکراوانە کە تۆمەتبارکراون بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان ڕۆژی چوارشەممە ٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ بۆ بەندی تاکەکەسی گواسترابوونەوە.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە هەواڵی لە سێدارەدانی فەرشاد عەبدولی هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەریی بڵاو نەکراوەتەوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ژوئەندا لانی کەم ٥٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە سێدارەدراون کە پێنج کەسیان کورد بوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە