برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی بە ناوی هێمن مەحموودی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارە حککومەتییەکان لە سنووری نەوسوود بەسەختی بریندار بوو و بۆ

١٤ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ٠٠:٣١


هەنگاو: سێشەممە، ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی بە ناوی هێمن مەحموودی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارە حککومەتییەکان لە سنووری نەوسوود بەسەختی بریندار بوو و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی تاران گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٤ی جولای ٢٠٢٣)، کۆڵبەرێک بە ناوی هێمن مەحموودی و خەڵکی گوندی "کانیڕەش"ی سەر بە ناوچەی سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری نەوسوود بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرە بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان چەند شوێنی جەستەی، بە تایبەتی چاو بەسەختی بریندار بووە و بەهۆی قووڵی و دژواریی برینەکانییەوە بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی "فارابی" لە شاری تاران گواستراوەتەوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٧٢٣دا لانی کەم ٤٤ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون کە ٣٤ کەسیان واتە ٧٧٪ی کۆ گشتی ئەو ئامارە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونەتە قوربانی.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە