سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کرماشان و ئورمیە جێبەجێکرا

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی حەبیبوڵڵا ئیلخانی، خەڵکی شارۆچکەی نۆدشەی سەر بە شاری پاوە و قاسم سەیدحوسێنی، خەڵکی شاری مەهاباد، پاش ١٢

٢٧ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٨:٠٩


هەنگاو: سێشەممە، ٢٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی حەبیبوڵڵا ئیلخانی، خەڵکی شارۆچکەی نۆدشەی سەر بە شاری پاوە و قاسم سەیدحوسێنی، خەڵکی شاری مەهاباد، پاش ١٢ و ١٨ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان و بەندیخانەی ئورمیە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١٨ی جولایی ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی حەبیبوڵڵا ئیلخانی، تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی شارۆچکەی نۆدشە لە بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوادی کرماشان جێبەجێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە پێش ئەوەی کە دەستبەسەر بکرێت، مامۆستای قوتابخانە بووە و ١٢ ساڵ لەمەوبەر بە "پاساوی شەرەف" کەسێکی بە ناو "شۆڕش" کوشتووە و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

هاوکات سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بە ناوی قاسم سەیدحوسێنی، تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کراوە.

بە وتەی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی سەیدحوسێنی؛ قاسم سەیدحوسێنی، ١٨ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە. لەو ماوەیەدا لە بەندیخانەی مەهاباد ڕاگیراوە و حەفتەی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوەتەوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو دوو بەندکراوە کوردە لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەریی ئەو حکوومەتە بڵاو نەکراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە