بریندربوونی دوو کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە سنووری بانە

کۆڵبەرێکی کەمەندامی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی هێمن خەسرەوی و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی ڕزگار مەولوودزادە و خەڵکی شاری بانە، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنو

٧ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٥:١٧


هەنگاو: شەممە، ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

کۆڵبەرێکی کەمەندامی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی هێمن خەسرەوی و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی ڕزگار مەولوودزادە و خەڵکی شاری بانە، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢٧ی جولایی ٢٠٢٣)، کۆڵبەرێکی کەمەندامی لاو بە ناوی هێمن خەسرەوی و خەڵکی شاری مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان لە بەرزایییەکانی سنووری شاری بانە بەسەختی بریندار بووە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێمن خەسرەوی کە پێشتر لە ڕووداوێکدا دەستێکی لەدەست داوە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان بەسەختی بریندار بووە و هەنووکەش باری تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە.

هەر لەم پەیوەندییەدا ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند: "دوای تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە هێمن خەسرەوی، هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە کردەوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانەدا ئازاری شوێنی بریندارەکەیان داوە".

هەروەها کاتژمێر  ٤ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی ڕزگار مەولوودزادە و خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت قاچی پێکراوە و بەسەختی بریندار بوو.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو، ناوبراو بە تەقە هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی هەر دوو قاچی بریندار بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە