سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر واران محەممەدنژاد، خوێندکار و چالاکی فەرهەنگی

واران محەممەدنژاد، خوێندکاری خەڵکی شاری سنە کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە سزا

٧ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ٢٣:٤١


هەنگاو؛ شەممە ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

واران محەممەدنژاد، خوێندکاری خەڵکی شاری سنە کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو ئەندامی چالاکی ئەنجوومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی نۆژین لە شاری سنەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا واران محەممەدنژاد، ئەندامی چالاکی ئەنجوومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی نۆژین، لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەیدی سزای یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپاوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە لەو دادگایەدا دراوتە پاڵ ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

پێشتریش سێ ئەندامی دیکەی بنەماڵەی ئەو خوێندکارە بە ناوەکانی پەیام میری، سەحەر وەهابی و ویدا محەممەدنژاد، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە کاتی بەدواداچوون لەسەر چارەنووسی ناوبراو پاش ئەوەی کە دەستبەسەر کرا، لە پێش دەرگای دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای (بارەگای شەهرامفەر) بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کران.

هەنگاو لە ماوەی دەستبەسەربوونی "واران محەممەدنژاد"دا ڕایگەیاند؛ ئەو خوێندکارە هەر لە ڕۆژانی سەرەتای گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر ئەوەی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بە شێوەی توندوتیژی و دڕندانە دەستبەسەر کراوە، مانی لە خواردن گرتووە.

ئەو هاووڵاتییە خوێندکاری کارناسیی باڵای بواری هونەر لە زانکۆی یەزدە و ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە کاتی چوونەوەی بۆ شاری یەزد لە تێرمیناڵی شاری سنە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.

لە کۆتاییدا ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو (٢٧٢٢) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە