خوڕەمئاوا؛ لانی کەم سێ بەندکراو کە یەکیان بە منداڵی دەستبەسەرکرابوو لەسێدارەدران

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی خەڵکی کۆیەشت بەناوەکانی محەممەد جەواد ئەکبەری، تەمەن ١٩ ساڵ کە بە منداڵی دەستبەسەرکرابوو و کیانوش تەیموری و بەندکراوێکی د

١١ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٦:٣٥


هەنگاو: چوارشەممە، ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣
سزای سێدارەی دوو بەندکراوی خەڵکی کۆیەشت بەناوەکانی محەممەد جەواد ئەکبەری، تەمەن ١٩ ساڵ کە بە منداڵی دەستبەسەرکرابوو و کیانوش تەیموری و بەندکراوێکی دیکە بەناوی شەریف ئەکبەری، خەڵکی نورئاوا لە بەندیخانەی پارسیلۆنی خوڕەمئاوا جێبەجێکرا. ئەم بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەهۆشبەرەکان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، دوو بەندکراوی خەڵکی کوهدەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان بەناوەکانی محەممەد جوادئەکبەری تەمەن ١٩ ساڵ و کیانوش تەیموری، هەروەها بەندکراوێکی دیکەی خەڵکی نورئاوا سەر بەم پارێزگایە بەناوی شەریف ئەکبەری، لە بەندیخانەی پارسیلۆن لە خوڕەم ئاوا لە سێدارەدران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەستی هەنگاو گەیشتوون، سێ ساڵ پێش، لە کاتێکدا کە محەممەد جەواد ئەکبەری تەنیا تەمەنی ١٦ ساڵ بووە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکراوە و دواتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە. ناوبراو تەنیا کوڕی خێزانەکەی بووە و بەهۆی هەژاری و مەبەستی دابینکردنی کەرەستەی زەماوەندی خوشکەکەی ماددەی هۆشبەری جێبەجێکردووە.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە ڕایانگەیاند، کە ئەم سێ بەندکراوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەتاکاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ میدیایەکی حکوومەتی و بەتایبەتی ڕاگەیاندنەکانی سەر بە دەزگای دادوەری هیچ هەواڵێکیان سەبارەت بە لە سێدارەدانی محەممەد جەواد ئەکبەری، کیانوش تەیموری و شەریف ئەکبەری بڵاو نەکردووەتەوە.

ئێران یەکێک لەو دەگمەن وڵاتانەیە لە جیهاندا، کە هەتا ئێستا بۆ تاوانگەلێک کە لە تەمەنی منداڵیدا ئەنجام دەدرێت سزای سێدارە دەردەکات.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە