جێبەجێکردنی سزای سێدارەی لانی کەم ١٩ بەندکراو لە ماوەی چوار ڕۆژدا

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ٤ ڕۆژی ئەم حەفتەدا (لە ڕۆژی یەکشەممە تاکوو چوارشەممە)،

١٣ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٦:٤٥


هەنگاو: هەینی، ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ٤ ڕۆژی ئەم حەفتەدا (لە ڕۆژی یەکشەممە تاکوو چوارشەممە)، سزای سێدارەی لانی کەم ١٩ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراون و ١١ کەسیان هاووڵاتیی بەلووچ بوون کە دەکاتە ٥٩%ی کۆی ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ٧ کەس لەو بەندکراوانە لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان لەسێدارە دراون کە زۆرترین حاڵەتی ئەم ئامارەیە و هەروەها ٤ بەندکراو لە بەندیخانەی زابۆل، ٣ بەندکراو لە بەندیخانەی خوڕەماوا، ٢ بەندکراو لە بەندیخانەی بیرجەند، لە بەندیخانەکانی قوم، ئەراک و ئەهوازیش هەرکام ١ حاڵەتی لەسێدارەدان تۆمارکراوە.

جێگای ئاماژەیە ٣ کەس لەو بەندکراوانە هاووڵاتیی ئەفغانستان بوون. هەروەها ١٧ کەس بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان و دوو کەسیش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و دەستدرێژی سێکسی لەسێدارە دراون.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە بەندکراوانی لەسێدارەدراو بە ناوی محەممەدجەواد ئەکبەری، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی ناوچەی گەڕاوەندی سەر بە شاری کۆیەشت، کاتێک تاوانەکەی کردووە، تەمەنی ١٦ ساڵ بووە.

تاکوو ئێستا ناسنامەی ١٨ کەس لەو بەندکراوانە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە