بێبەریکردنی ژمارەیەک کچی خوێندکاری زانکۆی کوردستان لە مافی مانەوەیان لە حەوانگەی زانکۆ

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ کۆمەڵێک لە کچە خوێندکارەکانی زانکۆی کوردستانی سنە، لە مافی مانەوەیان لە حەوانگە و خەوتنگەکانی ئەو زانکۆیە بێبەری و بێبەش کراون.

١٣ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٨:٣٢


هەنگاو: پێنجشەممە، ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ کۆمەڵێک لە کچە خوێندکارەکانی زانکۆی کوردستانی سنە، لە مافی مانەوەیان لە حەوانگە و خەوتنگەکانی ئەو زانکۆیە بێبەری و بێبەش کراون.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی کوردستانی سنە، لە مافی ناونووسین و مانەوەیان لە حەوانگە و خەوتنگەکانی ئەو زانکۆیە بێبەری و بێبەش کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو خوێندکارانە بەهۆی "بانگکردن لەلایەن ناوەندی پاراستن و کۆمیتەی دیسپلینی زانکۆ" و هەروەها "ڕاپۆرتی ئەمنییەتیی ناوەندی پاراستنی زانکۆ بەبێ ئاگادارکردنەوە" لە مافی مانەوەیان لە حەوانگە و خەوتنگەی ئەو زانکۆیە بێبەری و بێبەش کراون.

هەنگاو لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە ڕاپۆرتێکدا وێرای ئاماژەدان بە بانگکردنی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان و پڕکردنەوەی بەڵێننامەی نووسراوی بە زۆرەملێ و بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، ڕایگەیاند: "هێزەکانی ناوەندی پاراستنی ئەو زانکۆیە خوێندکارانیان ئاگادار کردووەتەوە کە ئەگەر بەردەوام بن لە پابەندنەبوونیان بە حیجابی زۆرەملێ، لە خزمەتگوزارییەکانی ئەم زانکۆیە بێبەری و بێبەش دەکرێن".

ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا کۆمەڵێکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکان و بەتایبەت ناوەندی پاراستنی ئەو زانکۆیە بانگ کران و بەتوندی هەڕەشەیان لێ کرا، هەروەها ژمارەیەکیشیان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە