یەکێک لە هەشت کۆڵبەرە بریندارەکەی نەوسوود بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەست دا

تەرمی کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری پاوە بە ناوی ئاسۆ کەریمی کە شەوی ڕابردوو لەگەڵ ٧ کۆڵبەری دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندا

١٦ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٨:٣٤


هەنگاو دووشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

تەرمی کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری پاوە بە ناوی ئاسۆ کەریمی کە شەوی ڕابردوو لەگەڵ ٧ کۆڵبەری دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندار و بەهۆی خوێنبەربوونی زۆرەوە گیانی لە دەست داوە، لە یەکێک لە باخەکانی نزیک گوندی شۆشمی دۆزرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی گەلاوێژ ٢٧٢٣ (٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، دوای چەندین کاتژمێر گەڕان، تەرمی کۆڵبەرێک بە ناوی ئاسۆ کەریمی، ٣٩ ساڵە خەڵکی گوندی (کۆمەرە) و دانیشتووی پاوە لە بەرزایەکانی گوندی «شۆشمێ» شاری نەوسوود دۆزرایەوە.

ئاسۆ کەریمی ئێوارەی یەکشەممە ١٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود بە سەختی بریندار و لە کاتێکدا بۆ ڕاکردن لە دەست هێزە چەکدارەکانخۆی بە یەکێک لە باخەکانی نزیک گوندی شۆشمێ گەیاندووە، بەهۆی خوێنبەربوونی زۆرەوە گیانی لە دەست دا.

هاوکات لایەنی کەم ٧ کۆڵبەری دیکە بریندار بوون کە پێشتر ناوی ٦ لەو کۆڵبەرانە بە ناوەکانی ئێحسان ڕەسوڵی خەڵکی پاوە، میلاد بازانی، نیما ئەعزەمی،ئومێد وەیسی، سەلام وەیسی، هۆشیار بازانی خەڵکی جوانڕۆ و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی چووکەی فەرشاد خەڵکی سەلاس باوەجانی بۆ هەنگاو نێردراوە.

 

نوێکراوەتەوە 
 

لە کاتکێدا نزیکەی ٣٠٠٠ کەس بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوژرانی کۆڵبەران لە پێش مردووشۆرخانەی شاری پاوە کۆ بوونەتەوە، هێزە حکوومەتییەکان تەرمی ئاسۆ کەریمی، کۆڵبەری ٣٩ ساڵەیان بە بیانووی نەبوونی پزیشکی دادوەری لەو شارە ڕفاندووە تاکوو پێش بە ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بگرن و هەروەها بە شێوەی نهێنی و بە شەودا ئەسپەردەی بکەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە