جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان

سزای سێدارەی مەنووچێهر خەزایی، خەڵکی شاری "کەنگەڤەر"ی سەر بە پارێزگای کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان ئەو سزایە بەسەردا

١٨ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ٢٣:٢٩


هەنگاو: چوار شەممە، ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی مەنووچێهر خەزایی، خەڵکی شاری "کەنگەڤەر"ی سەر بە پارێزگای کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان ئەو سزایە بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کرا. هەنگاو پێشتر هەواڵی لەسێدارەدانی بەندکراوێکی دیکەی کورد بە ناوی ئەحەد هاشمی و بە هەمان تۆمەت لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٩ی ئاگوستی ٢٠٢٣) سزای سێدارەی مەنووچێهر خەزایی، هاووڵاتیی بەندکراوی خەڵکی گوندی "دێلۆر"ی سەر بە شاری کەنگەڤەری پارێزگای کرماشان، لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە بەر لە دەستبەسەرکردنی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، خۆی ئەندامی هێزی ئینتزامیی حکوومەت بووە و بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

هەنگاو پێشتر هەواڵی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکەی بەناوی ئەحەد هاشمی، خەڵکی شاری "هەرسین"ی سەر بە پارێزگای کرماشان، کە بەرەبەیانیی ڕۆژی ڕابردوو لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کرا، بڵاو کردەوە.

ئەحەد هاشمی، ٧ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری هەمەدان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەزەری"، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو دوو بەندکراوە کوردە لە ڕاگەیاندنەکانی حکوومەت و بەتایبەت ڕاگەیاندنەکانی سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی بڵاو نەکراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە