فەرهاد نەوایی، قوتابیی تەمەن ١٦ ساڵ دوای نزیکەی ٩ مانگ دەستبەسەربوون ئازادکرا

فەرهاد نەوایی، قوتابیی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، پاش ٢٦٤ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ناوەندی چاکسازی و پەروەرەی ئورمیە ئازاد کرا. ناوبراو لە

١٩ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٣:٠٩


هەنگاو: پێنجشەممە، ١٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

فەرهاد نەوایی، قوتابیی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، پاش ٢٦٤ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ناوەندی چاکسازی و پەروەرەی ئورمیە ئازاد کرا. ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، فەرهاد نەوایی، قوتابیی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی گوندی "ترشکان"ی سەر بە شاری مەهاباد، دوای ٨ مانگ و ٢٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ئورمیە، ئازاد کرا.

ناوبراو لە مانگی پووشپەڕی ٢٧٢٣دا لەلایەن دادگای تاوانەکانی ١ی مێرمنداڵانی پارێزگای ئورمیە کە بنکەکەی لە شاری مەهابادە، بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ بۆ کردەوەی بە دژی ئاسایشی ناوخۆی وڵات" سزای ٢ ساڵ بەندکردنی لە ناوەندێکی چاکسازی و پەروەردە بەسەردا سەپابوو.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر ئاژانسی هەواڵدەریی "میزان"ی سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە دادگا فەرهاد نەوایی، سەبارەت بە "محارەبە" بەری کردووە و بە بێتاوان ناسێندراوە.

شایانی باسە کە پێشتر بنەماڵەی ئەم مێرمنداڵە ناڕازییە نەیانتوانی بارمتەی ٥ ملیار تمەنی کە لەلایەن دادگاوە بۆ ئازادیی کاتی منداڵەکەیان دیاری کرابوو، دەستەبەر بکەن. فەرهاد نەوایی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کرا و لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە دراوە و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە