جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ۶۷ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی جولای ۲۰۲۶
هەنگاو؛ دووشەممە ١٢ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا سزای سێدارەی لانی کەم ۶۷ بەندکراو بریتی لە ۹ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی لە بەندیخانە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردووی لانی کەم ۲۹ حاڵەت بەرانبەر بە ۳۰٪ کەمتر بووە. لە ماوەی مانگی جولای ۲۰۲۵دا لانی کەم ۹۶ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە درابوون.
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جولای ۲۰۲۶، سزای سێدارەی لانی کەم ۶۷ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە ناسنامەی ئەو ۶۷ بەندکراوە بەتەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی دوو ژن لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. ستایش محەممەدپوور خەڵکی جەهرۆم بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و ئەعزەم گێرامی خەڵکی یاسووج بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەکانی شیراز و یاسووج لەسێدارە دراون.
شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ۶۷ بەندکراو کە لە ماوەی مانگی جولای لەسێدارە دراون، تەنیا ۸ حاڵەت واتا ۱۲٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراونەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۷ بەندکراو بە نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان و مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و سزای سێدارەی ۲ بەندکراو لەپێش چاوی خەڵک جێبەجێ کراوە.
جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ۹ بەندکراوی سیاسی
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۹ بەندکراوی سیاسی، مەزهەبی و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە تۆمەتی وەکوو موحاربە، سیخوڕی و هتد لەسێدارە دراون کە ناسنامەیان بەو شێوە بووە؛
۱ـ مەحیەدین عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی مەزهەبی کورد و خەڵکی جوانڕۆ، لە ڕێکەوتی ۱۴ی جولای ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان لەسێدارە درا.
۲ـ حوسێن پاڵانی جاف، بەندکراوی مەزهەبی کورد و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، لە ڕێکەوتی ۱۴ی جولای ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان لەسێدارە درا.
۳ـ محەممەدئەمین دەهاقانی، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار، لە ڕێکەوتی ۱۵ی جولای ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان لەسێدارە درا.
۴ـ عارف خۆشکار، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لە ڕێکەوتی ۱۵ی جولای ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
۵ـ عێرفان ئیسفەندیاری، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار، لە ڕێکەوتی ۱۹ی جولای ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان لەسێدارە درا.
۶ـ گوڵمحەممەد محەممەدی، بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار، لە ڕێکەوتی ۱۹ی جولای ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان لەسێدارە درا.
۷ـ مەهدی خانکی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، لە ڕێکەوتی ۲۲ی جولای ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
۸ـ ئەبۆلفەزل سپاهی، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار، لە ڕێکەوتی ۲۸ی جولای ۲۰۲۶ لەپێش چاوی خەڵک لە شاری ئیسفەهان لەسێدارە درا.
۹ـ ئەمیرحوسێن سەفەری، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار، لە ڕێکەوتی ۲۸ی جولای ۲۰۲۶ لە شوێنی گشتی و لەپێش چاوی خەڵک لە شاری ئیسفەهان لەسێدارە درا.
جیاکردنەوەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو بەپێی تۆمەتەکانیان
لە ماوەی مانگی جولای ئەمساڵدا، زۆربەی لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە بوون کە ۳۵ حاڵەت واتا ۵۲٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت. هەروەها ۲۲ بەندکراو بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و ۹ کەس بە هۆکاری سیاسی، مەزهەبی و بە تۆمەتی سیخوڕی لەسێدارە دراون.
تۆمەتی سیاسی، مەزهەبی و سیخوڕی: ۹ حاڵەت
تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست: ۳۵ حاڵەت
تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ۲۲ حاڵەت
تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی: ۱ حاڵەت
جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی کەمینەی نەتەوەیی و پێکهاتەکانیان
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم سزای سێدارەی ۲۲ بەندکراوی فارس لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە ۳۳٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن. هەروەها ۱۰ بەندکراوی کورد، ۱۰ بەندکراوی تورک، ۶ بەندکراوی لوڕ و ۵ بەندکراوی بەلووچ لەسێدارە دراون.
بەندکراوانی کورد: ۱۰ حاڵەت
بەندکراوانی تورک: ۱۰ حاڵەت
بەندکراوانی بەلووچ: ۵ حاڵەت
بەندکراوانی لوڕ: ۶ حاڵەت
بەندکراوانی گیلەک و مازەنی: ۵ حاڵەت
بەندکراوانی تورکمان: ۲ حاڵەت
بەندکراوانی عەرەب: ۱ حاڵەت
بەندکراوانی فارس: ۲۲ حاڵەت
هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان: ۱ حاڵەت
ناسنامەی نەتەوەیی پشتڕاستنەکراوە بۆ هەنگاو: ۵ حاڵەت
جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی پارێزگای بەندیخانەکان
بە پشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای سێدارە لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئیسفەهان تۆمار کراوە کە ۱۰ حاڵەت بوون. لە سەرجەم ۲۴ پارێزگا سزای سێدارە جێبەجێ کراوە کە دوای پارێزگای ئیسفەهان، زیاترین ئاماری جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوان لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و فارس هەر یەک بە ۸ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.
پارێزگای ئیسفەهان: ۱۰ حاڵەت
پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و فارس: هەر یەک ۸ حاڵەت
پارێزگای ئەلبۆرز: ۶ حاڵەت
پارێزگاکانی لوڕستان، گوڵستان، سمنان، مازەندەران، ئورمیە و خوراسانی ڕەزەوی: هەر یەک ۳ حاڵەت
پارێزگاکانی کرماشان، سیستان و بەلووچستان، زەنجان و خوراسانی باکوور: هەر یەک ۲ حاڵەت
پارێزگاکانی سنە، هەمەدان، گیلان، کرمان، کۆهگیلوویە و بویێرئەحمەد، قەزوین، خووزستان، ئەردەبیل و ئیلام: هەر یەک ۱ حاڵەت