هەولێر؛ خۆکوشتنی مستەفا قاسمی حەسەنوەند، چالاکی سیاسی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو لە پێش بینای نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا
هەنگاو؛ سێشەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٦
مستەفا قاسمی حەسەنوەند، چالاکی سیاسی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی ئەلەشتەری پارێزگای لوڕستان، لە بەردەم نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) لە شارۆچکەی بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ (٢ی ئابی ۲۰۲۶)، مستەفا قاسمی حەسەنوەند، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد کە لە سەردەمی دەستبەسەرکردنیدا لە بەندیخانەی خورڕاماوا و دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەو شارەدا بە توندی کەوتبووە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، لە بەردەم باڵەخانەی UN هەڵکەوتوو لە شارۆچکەی بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەوڵی خۆکوشتنی داوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر ئەم ڕووداوەدا، هیچ میدیایەکی باشووری کوردستان ئەم هەواڵەی ڕووماڵ نەکردووە و تەنیا ماڵپەڕی «کوردستان میدیا» ئۆرگانی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک، کۆچی دواییی ئەم ئەندامەی خۆی لەژێر ناونیشانی «ڕووداوێکی دڵتەزێن»دا بڵاو کردووەتەوە.
هەنگاو زانیویەتی، مستەفا قاسمی حەسەنوەند لە ماوەی مانەوەی لە هەرێمی کوردستان، چەندین جار سەردانی نووسینگەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردبوو و داوای خێراکردنی پرۆسەی پەنابەری و قبووڵکردنی داواکارییەکەی کردبوو. ناوبراو لە دوای ڕەتکردنەوەی بەردەوامی داواکارییەکانی، بێئاکامیی درێژخایەن و نەبوونی پاڵپشتیی یاسایی، وەک ناڕەزایەتییەک لە پشتی باڵەخانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەحرکە دەستی خۆی کوشتووە.
مستەفا قاسمی حەسەنوەند، خەڵکی شاری ئەلەشتەر لە پارێزگای لوڕستان، لە بەندکراوانی سیاسیی پێشوو بوو کە لە ساڵی ٢٧٢٣دا لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەرکرابوو و لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا کەوتبووە ژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی. بە شێوەیەک کە شوێنەواری ئەم ئەشکەنجانە دوای ئازادبوونیشی لەسەر جەستە و هەڵسوکەوتی بە تەواوی دیار بوو و پێویستی بە چاودێریی تایبەت هەبوو.
پێشتریش زەوتکردنی مافی پەنابەری ببووە هۆی کردەوەی ناڕەزایەتیی هاوشێوە؛ لەوانە خۆسووتاندنی بەهزاد مەحموودی پەنابەری ٢٥ ساڵەی خەڵکی بۆکان لە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢١ لە بەردەم نووسینگەی UN کە بووە هۆی گیانبەختکردنی، و هەروەها هەوڵی خۆکوشتنی فەردین گرامی پەنابەری ٢٣ ساڵەی خەڵکی نەغەدە لە جۆزەردانی ٢٧٢١دا لە نووسینگەی دامەزراوەی «قەندیل» کە بەهۆی کاردانەوەی خێران کەسانی نزیک لەمەرگ ڕزگاری ببوو.
وەڵامدنەنەدانەوە و پرۆسە تاقەتپڕووکێنەرەکانی کۆمیساریای باڵای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) لە هەرێمی کوردستان، پەنابەرانی سیاسیی خستووەتە بارودۆخێکی سەختی گوزەران، نەبوونی ئاسایشی گیانی و قەیرانی توندی دەروونییەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای دەربڕینی پەژارەی قووڵی خۆی بۆ گیانبەختکردنی مستەفا قاسمی حەسەنوەند، داوای بەرپەرسیارێتی، ڕوونکرنەوە و چاکسازیی بەپەلەی پرۆسەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی پەنابەرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەکات.