مەحموود شاددل و مستەفا عەلیپوور، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ڕابردوو سزای بەندکردن و لێدانی قامچیان بەسەردا سەپا

١٠ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ٢١:١٠

هەنگاو؛ شەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٦

دوو هاووڵاتیی کوردی و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ڕابردوو بە ناوەکانی مەحموود شاددل، قارەمانی پێشبڕکێی ماتۆڕسواریی ئێران و مستەفا عەلیپوور، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم بە حەوت ساڵ و دوو مانگ و ڕۆژێک بەندکردن و  لێدانی ٧٤ قامچی سزا دران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەحموود شاددل، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی ئاشخانەی سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی بجنۆرد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "جەعفەر هاشمی" بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژ بە ئاسایشی وڵات" و "پڕوپاگەندە دژ بە نیزام" سزای سێ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

شایانی باسە کە دادگا بەم هاووڵاتییەی ڕاگەیاندووە ئەگەر تانە لە بڕیاری دادگا بدات، ئەوا سزاکەی قورستر دەبێت. ئەم هاووڵاتییە لە بەفرانباری ٢٧٢٥دا دەستبەسەرکرا و دوای چەند ڕۆژ ئازاد کرا. لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا هێزە حکوومەتییەکان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی کردبوو.

ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا بە مەبەستی سەپاندنی دانپێدانانی زۆرەملێ کەوتبووە ژێر ئەشکەنجە و نینۆکەکانی پێی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە هەڵکێشرابوون، بەڵام بەم حاڵەشەوە ئامادە بە قبۆڵکردنی دانپێدانان نەبوو.

هەروەها، مستەفا عەلیپوور، هاووڵاتیی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی بجنۆرد لە دۆسیەیەکی دوو بەشیدا لەلایەن دادگا سەرەتایی و شۆڕشەکانی بجنۆردەوە سەرجەم بە چوار ساڵ و دوو مانگ و ڕۆژێک بەندکردن و  لەدانی٧٤قامچی مەحکووم کرا.

ناوبراو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی بجۆرد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیزانلو" بە سێ ساڵ و شەش مانگ و ڕۆژێک بەندکردن و لەلایەن لقی ١٠٤ی دادگای تاوانەکانی بجنۆرد بە هەشت مانگ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچی سزا دراوە.

دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی مستەفا عەلیپوور بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە چووە و سزاکەی بە شێوەی زارەکی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ئەم هاووڵاتییە لە ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥دا دەستبەسەرکرا و دوای ٤٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا کەوتبووە ژێر ئەشکەنجە.

شایانی باسە کە ئەم هاووڵاتییە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥دا، بە هۆی بەرکەوتنی چەکی ساچمەیی بریندار بووبوو کە ژمارەیەکی زۆر لەم ساچمەنە لە جەستەی دەرهێنرابوون و ئەوانی دیکە لە ماوەی دەستبەسەرکردنی و بە هۆی دروستبوونی هەوکردن لە جەستەی هاتبوونە دەرەوە.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە