ئاشخانە؛ ئەمیرمحەممەد هاجری هاووڵاتیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ڕابردوو سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا

١٣ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١٤:١٦

هەنگاو؛ سێشەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٦

ئەمیرمحەممەد هاجری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئاشخانە سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێ ساڵ و شەش مانگ و ڕۆژێک بەندکردنی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (١٩ی ژولای ٢٠٢٦)، ئەمیرمحەممەد هاجری، تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی ئاشخانە لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی بجنۆرد بە سەرۆکایەتیی دادوەر سادق ڕەفیعی سزای سێ ساڵ و شەش مانگ و ڕۆژێک بەندکردنی بەسەردا و بەپێی ئاگادارییەکی فەرمی دەبێ حەوتوو داهاتوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی خۆی ڕادەست بکات.

ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» سێ ساڵ و شەش مانگ و ڕۆژێک بەندکردن و بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژ بە نیزام» سزای شەش مانگ و ڕۆژێک بەندکردنی بەسەردا سەۆاوەکراوە کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان قورسترین  سزا واتە ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ڕۆژێک بەندکردنی جێبەجێ دەکرێت.

ئەم هاووڵاتییە لە ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥دا لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی بەبێ پێشکەشکردنی هیچ بڕیارێکی دادوەری دەستبەسەرکرابوو.

ناوبراو دوای چوار ڕۆژ دەستبەسەرکردن لە شوێنێکی نادیاردا بۆ بەندیخانەی بجنۆرد گواستراوەتەوە و لە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥دا بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

شایانی باسە کە ئەمیرمحەممەد هاجری لە تەواوی قۆناغەکانی دادگاییکردندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاش ئاگادار نەکراوەتەوە. ناوبراو هەروەها لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە مافی پەیوەندی و چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە