جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی هەمەدان

سزای سێدارەی ئەفشین ڕەحیمی‌هیدایەت، بەندکراوی کورد و خەڵکی شاری کەنگەڤەری سەر بە پارێزگای کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆش

١٩ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٧:١٣


هەنگاو: پێنجشەممە، ١٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی ئەفشین ڕەحیمی‌هیدایەت، بەندکراوی کورد و خەڵکی شاری کەنگەڤەری سەر بە پارێزگای کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە ئەو سزاەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی ئەفشین ڕەحیمی‌هیدایەت، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری کەنگەڤەر، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری هەمەدان جێبەجێ کرا.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو، ناوبراو چوار ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

ڕۆژی ڕابردووش هەنگاو هەواڵی لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی دیکەی کورد بە ناوەکانی مەنووچێهر خەزایی، خەڵکی شاری کەنگەڤەر و ئەحەد هاشمی، خەڵکی شاری هەرسین کە هەردووکیان لە دوو کاتی جیاجیادا لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان سزاکەیان جێبەجێ کرا، ڕاگەیاند. ئەم دوو بەندکراوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەفشین ڕەحیمی‌هیدایەت لە ڕاگەیاندنەکانی حکوومەت و بەتایبەت ڕاگەیاندنەکانی سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی بڵاو نەکراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە