جێبەجێکردنی سزای سێدارەی لانی کەم ٢٤ بەندکراو لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا (لە ڕۆژی شەممە، ١٤ی گەلاوێژ تاکوو ڕۆ

٢٠ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ٢٢:٥٧


هەنگاو: هەینی، ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا (لە ڕۆژی شەممە، ١٤ی گەلاوێژ تاکوو ڕۆژی هەینی، ٢٠ی گەلاوێژ)، لانی کەم سزای سێدارەی ٢٤ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. بە شێوەی نێونجی لە هەر دوو ڕۆژدا سزای سێدارەی ٧ بەندکراو جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین ئامارەی سزای سێدارەی بەندکراوان لە بەندیخانەی ناوەندیی مەرەند جێبەجێ کراوە کە ٥ بەندکراو بووە. هەروەها ٤ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج، ٣ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان و لە بەندیخانەکانی ئەراک، شیراز، مەشهەد و کرمان هەرکامیان دوو بەندکراو و هەروەها لە بەندیخانەکانی دیزفوول، قەزوێن، نەیشابوور و یاسووج هەرکامیان لەسێدارەدانی بەندکراوێک تۆمار کراوە.

لە کۆی گشتیی ئەو ٢٤ بەندکراوەی کە لەسێدارە دراون، لانی کەم ١٦ بەندکراو کە دەکاتە ٦٦.٥٪ی ئەو ئامارە، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان ئەو سزایە بەسەریاندا سەپاوە. هەروەها ٥ بەندکراوی دیکەیان بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی و ٢ بەندکراو بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و بەندکراوێکیش بە تۆمەتی دزیی چەکدارانە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و سزاکەیان جێبەجێ کراوە.

شایانی باسە کە لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا سزای سێدارەی ٥ بەندکراوی تورک، ٣ بەندکراوی کورد، ٢ بەندکراوی لوڕ و بەختیاری، هەروەها بەندکراوێکی بەلووچ و هاووڵاتییەکی خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە