دەستبەسەرکرانی دوو خوشکی خوێندکار لە شاری سنە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە

هێزەکانی حکوومەت دوو خوشکی دوانە و خوێندکار لە زانکۆی پیشەیی شاری سنەیان بەناوەکانی زریان مەولایی و زیلان مەو

٢٢ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ٢٣:٤٤


هەنگاو: یەکشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

هێزەکانی حکوومەت دوو خوشکی دوانە و خوێندکار لە زانکۆی پیشەیی شاری سنەیان بەناوەکانی زریان مۆلایی و زیلان مۆلایی دەستبەسەرکرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، دوو خوشکی خوێندکاری خەڵکی سنە بەناوەکانی زریان مۆلایی و زیلان مۆلایی کە دوانە و تەمەن ٢١ ساڵن، لەلائەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکران.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی هەنگاو گەیشتووە، هێزەکانی حکوومەت بەبێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی و ئیزنی دادوەر هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی ئەم دوو خوشکە و لە کەشێکی تۆقێنەردا ئەو دوو خوێندکارەیان دەستبەسەرکردووە.

بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، زریان مۆلایی خوێندکاری تێرمی یەکی کارناسی ئەندازیاری تەلارسازی و خوشکەکەی، زیلان مۆلایی، خوێندکاری تێرمی دووی کارناسی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی پیشەیی شاری سنە، لە ماڵەکەیاندا، هەڵکەوتوو لە کەمەربەندی ١٧ی «شەهریوەر» ی شاری سنە دەستبەسەرکراون.

هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی دوای دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەم دوو خوشکە لەبەردەستدانییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە