سزای سێدارەی شۆڕش مروەتی، بەندکراوێکی هەڵهاتووی بەندیخانەی سەقز جێبەجێ کرا

سزای سێدارەی شۆڕش مروەتی، بەندکراو هەڵهاتوو کە لە کاتی ڕاپەڕینی بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز ڕزگاری بوو و دواتر دیسان دەستبەسەر کر

٣١ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ٠٨:٣٨


هەنگاو: سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی شۆڕش مروەتی، بەندکراو هەڵهاتوو کە لە کاتی ڕاپەڕینی بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز ڕزگاری بوو و دواتر دیسان دەستبەسەر کرایەوە، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی موحارەبە لە ڕێگەی "کوشتنی بەئەنقەست لە کاتی دزیکردنی چەکدارانەدا" ئەو سزایە بەسەردا سەپابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) سزای سێدارەی شۆڕش مروەتی، بەندکراوی خەڵکی شاری سەقز لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا. ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی گەلاوێژ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی، بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە گواستراوەتەوە.

شۆڕش مروەتی، ١٤ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لە کاتی دزیکردنی چەکدارانەدا دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

ئەم بەندکراوە کوردە پاییزی ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و لە کاتی ڕاپەڕینی بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە بۆ ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترایەوە و ڕۆژی هەینی ٦ی گەلاوێژ، دوای ١٠ مانگ جارێکی دیکە بۆ ژووری گشتیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە.

شۆڕش مروەتی، ڕۆژی ٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠، لە کاتی ڕاپەڕینی بەندکراوانی بەندیخانەی سەقز لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە هەڵهات. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی خاکەلێوە هەمان ساڵ، واتە ١٠ ڕۆژ دوای هەڵهاتنی لە بەندیخانە، لە گوندی "سەبەدلوو"ی سەر بە شاری بانە لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە بە ناوی شایان سەعیدپوور دەستبەسەر کرانەوە.

شایان سەعید پوور و مستەفا سەلیمی، دوو بەندکراوی دیکەی هەڵهاتوو لە کاتی ڕاپەڕینی بەندکراوانی شاری سەقز بوون کە لە ساڵی ٢٧١٩ سزای سێدارەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز جێبەجێ کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە