سەپاندنی سزای قورس بەسەر چوار بەندکراوی سیاسیی کورد کە یەکیان سێدارەیە

چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری بانە بە ناوەکانی یووسف ئەحمەدی، محەممەد کەریمی، باست کەریمی و محەممەد فەیزی کە چوار ساڵ

١٧ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٣:٤٧


هەنگاو: هەینی، ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٣

چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری بانە بە ناوەکانی یووسف ئەحمەدی، محەممەد کەریمی، باست کەریمی و محەممەد فەیزی کە چوار ساڵە دەستبەسەرکراون و لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکان و بەندیخانەی ناوەندیی سنە بەند کراون، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە یووسف ئەحمەدی سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و سێ بەندکراوەکەی دیکەش سەرجەم سزای ٦٥ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ یووسف ئەحمەدی، تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە تۆمەتی «بەغی»(شۆڕشی چەکدارانە بە دژی حکوومەت ) سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و سێ هاووڵاتیی دیکەش بە تۆمەتی "هاوکاریکردن "، سەرجەم سزای ٦٥ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە. واتە محەممەد کەریمی سزای ٢٥ ساڵ و باست کەریمی و محەممەد فەیزی هەرکامیان سزای ٢٠ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

ئەم سزایە کە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە ڕۆژی ١٢ی خەرمانانی ٢٧٢٣ بەفەرمی بەو چوار هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە. شایانی باسە کە پێشتریش لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" درابووە پاڵیان.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا کە زانیارییەکانی لە سەرچاوەیەکی نزیکی بنەماڵەی ئەحمەدی وەرگیراوە، نووسیویەتی: یووسف خێزاندار و باوکی سێ منداڵە، هێزە حکوومەتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لە پێش چاوی ژن و منداڵەکەیەوە تەقەیان لێ کردووە و لاقی پێکراوە. سەرەڕای ئەوەی کە بە برینداری و بەبێ هیچ چارەسەرییەکی سەرەتاییش بۆ برینەکەی دەستبەسەر کراوە، لە ماوەی دەستبەسەربوونیشیدا هیچ جۆرە چارەسەرییەکی بۆ نەکراوە و تەنانەت بە برینداریش بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە کراوە هەتا دان بەو تۆمەتانەدا بنێت کە دراونەتە پاڵی.

ئەو چوار بەندکراوە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا بە شێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراون و لە مافە سەرەتاییەکانیان وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەری و بێبەش کراون.

یووسف ئەحمەدی ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢٦ی ئەپریلی ٢٠٢٠) و سێ هاووڵاتییەکەی دیکەش ڕۆژێکی پێشتر واتە ڕۆژی شەممە، ٦ی بانەمەڕ (٢٥ی ئەپریل) لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە دەستبەسەر کراون و دوای ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراونەتەوە.

ئەو چوار کەسە لە ماوەی دەستبەسەربوونیان کە دەکاتە ١٢٣١ ڕۆژ (زیاتر لە سێ ساڵ و ٤ مانگ) لە مافی ئازادیی کاتی بێبەری و بێبەش کراون و سەرەڕای ئەوەش بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ و ناچاریان بکەن دان بە تۆمەتە داتاشراوەکانی ناوەندە حکوومەتییەکاندا بنێن، بە شێوەیەکی هۆڤانە ئەشکەنجە کراون.

هەنگاو جارێکی تر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم بەندکراوە سیاسییانە لە ماوەی دەستبەسەربوونیان و هەروەها لە کاتی دادگاییکردنیشیاندا کەمترین مافی بەرگریکردن لە خۆیان نەبووە و بڕیاری دادوەر و ئەو دادگایەش لەسەر داوای ناوەندە حکوومەتییەکان بەسەر ئەو بەندکراوانەدا سەپاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە