مەشهەد، مەتین فەرامەرزپوور، خوێندکاری کورد لە مافی خوێندن بێبەش کرا

مەتین فەرامەرزپوور، خوێندکاری زانکۆ و خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن بەرپرسانی زانکۆی فیردەوسی مەشهەد، لە درێژەدانی بە خوێندن لەو زانکۆیە بێبەشکرا و سزای دەرکر

١٧ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ٠٩:٥٥

 

هەنگاو؛ دووشەممە ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

مەتین فەرامەرزپوور، خوێندکاری زانکۆ و خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن بەرپرسانی زانکۆی فیردەوسی مەشهەد، لە درێژەدانی بە خوێندن لەو زانکۆیە بێبەشکرا و سزای دەرکردنی بەشێوەی زارەکی پێڕاگەیێندرا. دەرکردنی ئەو خوێندکارە بەهۆی قەبووڵنەکردنی دانپێدانانی زۆرەملێ بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)،مەتین فەرامەرزپوور، خوێندکاری قۆناغی کارناسی باڵای فەلسەفە، دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ کۆمیتەی ئینزباتیی زانکۆی فیردەوسی مەشهەد، بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ گوشار خراوەتە سەری و دوای قەبووڵنەکردنی، سزای دەرکرانی لە زانکۆ پێی ڕاگەیەندراوە.


بێبەشکردنی ئەو خوێندکارە کوردە لە خوێندن، لە حاڵێکدایە کە مەتین ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ساڵی پێشوو، بەهۆکارێک کە "تێکدان یان زیانگەیاندن بە پلانەکانی زانکۆ و شوێنی خەوتنگە و حەوانگەی خوێندکاران "ناوبردراوە، بۆ ماوەی دوو تێرم لە درێژەدانی بە خوێندن دوورخراوەیە.

مەتین فەرامەرزپوور، لە ماوەی ڕابردوودا دوای بەدواداچوون بۆ هۆکاری نەکرانەوەی پۆرتاڵی فێرکارییەکەی زانیویەتی کە بێجگە لەو دوو تێرمەی پێشتر، دۆسیەیەکی تازەی بۆ سازکراوە.

شایەنی باسە کە، ئەو خوێندکارە لە ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە مافی چوونەژوورەوەی بۆ حەوانگەکانی زانکۆی فیردەوسی مەشهەد، بە ڕای شوورای ئینزباتی ئەو زانکۆیە ڕێگریکرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە