ڕاپۆرتی هەنگاو بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای سێدارە، لە ساڵی ٢٠٢٣ لەئێراندا هەر ڕۆژ دوو بەندکراو لەسێدارە دراون

١٨ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٣:٣٩

 

هەنگاو: سێشەممە، ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای سێدارە، وێڕای ئاگاداری و هۆشداری لەسەر زیادبوونی ئامارەکانی جێبەجێکردنی ئەو سزا نامرۆڤانەیە لە ئێران، ڕایدەگەینێت کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە (٢٠٢٣) ڕۆژانە دوو بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا لەسێدارە دراوە.
 

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ تاکوو ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (واتە ٢٨١ ڕۆژ)، سزای سێدارەی ٥٣٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە، واتە بە شێوە نێوەنجی ڕۆژانە دوو کەس لەسێدارە دراوە.
 

بەپێی ئەو ئامارە تۆمارکراوە، لەو ماوە دیاریکراوەدا لانی کەم ١٣ ژن لە بەندیخانەکانی ئێران سزای سێدارەیان جێبەجێ کراوە کە بەپێی بەندیخانەی شارەکان بەم شێوەی خوارەوەیە: ئیسفەهان ٣ کەس، ڕەجایی شار ٢ کەس، مەشهەد ٢ کەس، زاهیدان، کەهنووج، بیرجەند، کرمان، هەمەدان و قوم هەرکامەیان یەک کەس.

 

هەروەها بەپشتبەستن بە هەندێک زانیاریی بەردەست، ٣ بەندکراوی دیکە کە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە و لە کاتی تاوانەکەدا بە منداڵ دادەنرێن، سزای سێدارەی ئەو ٣ منداڵەش جێبەجێ کراوە. هەنگاو لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاتر دەکات و لە ئەگەری بەدەستهێنانی هەر زانیارییەکی ڕای گشتیی لێ ئاگادار دەکاتەوە.

 

جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ١١٨ بەندکراوی بەلووچ، ٨٣ بەندکراوی کورد و هەروەها ١٦ هاووڵاتیی خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان لە ماوەیەدا جێبەجێ کراوە

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١١٨ بەندکراوی بەلووچ لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێراندا سزای سێدارەیان جێبەجێ کراوە کە دەکاتە ٢٢٪ی کۆی گشتیی ئاماری لەسێدارەدراوانی ئەو ماوەیە دیارکراوە. هەر لەو ماوەیەدا سزای سێدارەی ٨٣ بەندکراوی کورد جێبەجێ کراوە کە دەکاتە بە ١٥.٥٪ی کۆی گشتیی ئەم ئامارە. هەروەها سزای سێدارەی ١٦ هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان و دوو هاووڵاتیی دیکەی ئێرانی - بریتانیایی و ئێرانی - سویدی، لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە.
 

٦ بەندکراویش لە شوێنە گشتییەکانی چەند شارێک سزای سێدارەیان جێبەجێ کراوە کە بەپێی شارەکان بەم شێوەی خوارەوەیە: فوولادشار و شیراز هەرکامەیان ٢ حاڵەت و مەراغە و بەندەردەیلەم هەرکامەیان یەک حاڵەت.

 

شایانی باسە لە کۆی ئەو ٥٣٨ بەندکراوە لەسێدارەدراوە، ناسنامەی ٩٢ کەسیان بۆ هەنگاو پشتڕاست نەکراوەتەوە و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو ٩٢ کەسە لە بەردەستدا نییە.

 

جیاکردنەوەی ئامار بەگوێرەی تۆمەتەکان

نزیکەی ٥٨٪ی ئەو بەندکراوانە کە لە ماوە دیاریکراوەدا سزای سێدارەیان جێبەجێ کراوە، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کراون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە. ٣٤٪یش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست ئەو سزایەیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها ١٥ کەسی دیکەش بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و سزاکانیان جێبەجێ کراوە.

چالاکییە سیاسییەکان؛ ١٥ کەس.

ماددە هۆشبەرەکان؛ ٣١١ کەس.

کوشتنی بەئەنقەست؛ ١٨٤ کەس.

دەستدرێژیی بەزۆر؛ ١٧ کەس.

دزیی چەکدارانە؛ ٥ کەس

ناڕوون؛ ٥ کەس.

بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ ١ کەس.

 

لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز ٩٠ بەندکراو سزای سێدارەیان جێبەجێ کراوە کە زۆرترین ڕێژەی ئەم ئامارەیە لە بەپێی بەندیخانەی پارێزگاکان

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدراوەکان کە ٩٠ بەندکراو بووە، لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز تۆمار کراوە. ٥٠ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کرمان و ٤٦ بەندکراو لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان سزاکانیان جێبەجێ کراوە. هەروەها لەو ماوە دیاریکراوەدا، جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ٣٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی پارێزگای فارس، ٣٤ بەندکراو لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئورمیە، ٢٩ بەندکراو لە بەندیخانەکانی پارێزگای لوڕستان، ٢٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئیسفەهان و ٢١ بەندکراو لە بەندیخانەکانی پارێزگای مەرکەزی تۆمار کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە