ئەشکەنجەدان و ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی وریشە مورادی بە دەرمانەکانی لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی تاران

وریشە مورادی، چالاکی سیاسی، داکۆکیکاری مافی ژنان و لە ئەندامانی کەژار (کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، لە دەستبەسەرگەیەکی وەزارەتی

١٨ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ٢١:٠٣


هەنگاو؛ سێشەممە ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

وریشە مورادی، چالاکی سیاسی، داکۆکیکاری مافی ژنان و لە ئەندامانی کەژار (کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، لە دەستبەسەرگەیەکی وەزارەتی ئیتلاعاتی سنە بەسەختی ئەشکەنجەدراوە و هەروەها لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەشکراوە. وریشە ماوەی نزیک بە ٧٠ ڕۆژی ڕابردووی بە دەستبەسەرکراوی تێپەڕکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وریشە مورادی، ناسراو بە "جوانا سنە" چالاکی سیاسی و لە ئەندامانی کەژار، خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێی دژ بەخۆی ئەشکەنجەدراوە و لەماوەی ڕابردوودا بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی تاران گواستراوەتەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، وریشە مورادی لە دەستبەسەرگە تا ئاستێک بە سەختی ئەشکەنجە دراوە کە لە یەک حاڵەتیاندا خوێنی هەڵهێناوەتەوە و بە تەواوی لە هۆش چووە.

هەروەها ئەو سەرچاوە ڕایگەیاند، دۆخی نەخۆشی میگرێنی وریشە مورادی، لەماوەی دوو مانگ و حەوت ڕۆژی پێشوودا و دوای بێبەشکردنی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی ڕووی لە خراپتربوون کردووە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە، هەتا ئێستا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی بێبەش بووە و دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگ لە کاتی دەستبەسەرکردنی، هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە، وریشە مورادی لەماوەی ڕابردوودا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە بۆ شوێنێکی نادیار لە تاران گواستراوەتەوە و ئێستا شوێنی دەستبەسەربوونی و هەروەها بارودۆخی ڕاگرتنی نادیارە.

وریشە مورادی ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، لە ڕێگای مەریوان_سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕفێندرابوو و لە کاتی ڕفاندنی بەسەختی دراوەتە بەر کوتان و لێدانی هێزەکان و بە بێ چارەسەرکردنی پزیشکی بۆ دەستبەسەرگە گواستراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە