ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین دۆخی عەلی قشلاقی بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی بجنۆرد

١٠ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١١:١٦

هەنگاو؛ شەممە ۱۰ی گەلاوێژی ۲۷۲۶

عەلی قشلاقی، لاوی ۱۹ ساڵەی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۲۷۲۵، کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردانی ۲۷۲۶ بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانی خۆی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بجنۆرد گواستراوەتەوە و تا ئێستا لەو بەندیخانە دەسبەسەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەلی قشلاقی پێشتر لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی شاری بۆجنۆرد بە سەرۆکایەتیی دادوەر «سادق ڕەفیعی» سزای ۲ ساڵ و ۶ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و لە کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵەوە ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی بجنۆرد تێدەپەڕێنێت.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، عەلی قشلاقی لەلایەن دادگای شۆڕشی بجنۆردەوە بە تۆمەتەکانی «کۆبوونەوە بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی نەتەوەیی» و «پڕوپاگەندە دژی نیزام» سەرەتا سزای ۴ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە ۲ ساڵ و ۶ مانگی هەڵپەسێردراو بوو. دوای ملکەچبوون بە بڕیاری دادگا، ئەم سزایە بۆ ۳ ساڵ و ۶ مانگ بەندکران کەم کرایەوە کە ۱ ساڵی هەڵپەسێردراوە و ۲ ساڵ و ۶ مانگ بەندکرانی جێبەجێ کرا.

جێگای ئاماژەیە کە، عەلی قشلاقی ڕۆژی یەکشەممە ۵ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵ (۲۵ی جەنیوەریی ۲۰۲۶) بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای یەک مانگ دەستبەسەرکران سەرەتاکانی مانگی ڕەشەمەی ۲۷۲۵ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەم لاوە کوردە لە هەموو ماوەی یەک مانگ دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو و دەرفەتی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە