نایب عەسکەری بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی ئورمیە بۆ جاری دووەم سزای لە سێدارە دانی بەسەردا سەپێنرا.

نایب عەسکەری بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی شاری ئورمیە کە پێشتر سزای لە سێدارەدانی لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەسەردا سەپێنرابوو، پاش

١ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٧:٠٠

 

هەنگاو؛ دووشەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

نایب عەسکەری بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی شاری ئورمیە کە پێشتر سزای لە سێدارەدانی لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەسەردا سەپێنرابوو، پاش ئەوەی داوای پێداچوونەوەی بە سزایەکەیدا کردبوو، بۆ جاری دووەم و بە تۆمەتێکی دیکە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نایب عەسکەری، بەندکراوی سیاسی کورد و تەمەن ٤٧ ساڵ لە ڕەوتی پێداچوونەوەی دۆسییەکەی خۆیدا، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی "بەغی" سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

هەنگاو زانیوییەتی کە ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕەزبەر، دوای بانگردنی نایب عەسکەری بۆ نووسینگەی جێبەجێکاریی سزاکان لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە، سزای سەپێنراو بە فەرمی پێی ڕاگەیەنرا. پێنجی ڕەزبەر کۆتا کۆبونەوەی پێراگەیشتن بە تۆمەتی ئەم بەندکراوە سیاسییە بەبێ هەبوونی مافی پارێزەر بەڕێوەچوو.

ئەم بەندکراوە سیاسییە، پێشتریش لەلایەن هەمان لقی دادگای شۆڕشی ئورمییە بە تۆمەتی "موحاربە" لە ڕێگەی ئەندامیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو، ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، بە فەرمی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیندرابوو.

نایب عەسکەر پێشتر لە هەرێمی کوردستان ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە و وەرگرتنی ئەماننامە لە لایەن سوپای پاسداران، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ (٢٤ی مارسی ٢٠٢١) خۆی بە ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە ناساندووە و دەستبەسەر کراوە، ناوبراو پێنج ڕۆژ پێشتر و هاوکات دوایین ڕۆژی ساڵی ٢٧٢٠ لەگەڵ ژن و منداڵەکەی گەڕابوویەوە زێدەکەی خۆی.

هەنگاو پێشتر لەم بارەیەوە ڕایگەیاندبوو: سپای پاسداران ئەماننامەکەی بە نوسراوە ڕادەستی بنەماڵەی عەسکەری نەکردووە و تەنیا بە شێوەی زارەکی و لە ڕێگەی خزمێکیانەوە ئەو کارەی کردووە و تەنانەت لە کاتی چوونەوەی نایب و بنەماڵەکەی بۆ ئورمیە ئەوان ئاگادار بوون. بەڵام ئێستا ڕایانگەیاندووە کە ئێمە ئەماننامەمان نەداوە.

نایب عەسکەری دوای سێ مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمییە و لە کاتێکدا بە سەختی ئەشکەنجە کرابوو، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە لە مافی مەرەخەسی بێبەشە.

شایەنی باسە، ئەم بەندکراوە سیاسییە، گورچیلەکانی بەردیان هەیە و سەرباری ئەوەش ئازاری گەدەی هەیە و ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ لە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی بەندیخانە خەوێندرابوو و بەهۆی هەبوونی بەرد لە گورچیلەکانی لەژێر چاودێری دەرمانی بووە. بەڵام گورچیلەی ناوبراو بەردسازە و بەهۆی ئەوەی ئاوی خواردنەوەی بەندیخانەی ئورمیە باش نییە، نەخۆشییەکەی سەری هەڵداوەتەوە و ئێستا بە دەستی ئازاری گورچیلەی دەناڵێنیت و لە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.

ژنی نایب عەسکەری لە ماوەی دەستبەسەرکرانی دوو گیان بووە و سەڕەرای بارودۆخی تایبەتی بنەماڵەکەی و نەخۆشی ناوبراو گرنگی پێنەدراوە و بە شێوەیەکی بەردەوام لە مافی خۆی بێبەش کراوە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بێبیشکرانی لە خزمەتگوزاری پزیشکی لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە مانی لە خواردن گرتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە