بریندابوونی کۆڵبەرێکی لاو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لە سنووری بانە

کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی شاری بانە بە ناوی زانکۆ گەوهەری، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی ئەو شارە بەسەختی بریندار بووە

١ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ٢١:٢٩

 

هەنگاو: دووشەممە، ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی شاری بانە بە ناوی زانکۆ گەوهەری، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی ئەو شارە بەسەختی بریندار بووە و دوای ئەوەی بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە، بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، زانکۆ گەوهەری، تەمەن ٢۵ ساڵ، خەڵکی شاری بانە و باوکی دوو منداڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی ئەو شارە بریندار بووە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو کۆڵبەرە لاوە کە ڕانی بەسەختی بریندار بووە، بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی، بۆ نەخۆشخانەی "سەلاحەدین ئەیووبی"ی شاری بانە گواستراوەتەوە.

شایانی باسە کە ڕۆژی ٢٣ی ڕەزبەریش لانی کەم ١۵ کۆڵبەر لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە لە سنووری شاری بانە بە قۆناغەچەک لێیان دراوە و بەم هۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی بێهنام (ناوبانگی ناڕوونە) سەری شکاوە و بە سەختی بریندار بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە