جێبەجێکردنی سزای سێدارەی لانی کەم دوو بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەماوا

سزای سێدارەی لانی کەم دوو بەندکراو بە ناوەکانی جەلال وەحدەتی، خەڵکی شاری ئەلیگوودەرز لە پارێزگای لوڕستان و خەلیل محەممەدی، خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگ

٨ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١١:١٠

 

هەنگاو: دووشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

سزای سێدارەی لانی کەم دوو بەندکراو بە ناوەکانی جەلال وەحدەتی، خەڵکی شاری ئەلیگوودەرز لە پارێزگای لوڕستان و خەلیل محەممەدی، خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە ئەو سزایەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی پارسیلۆنی خوڕەماوا جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی جەلال وەحدەتی، تەمەن ٣٧ ساڵ، خەڵکی ئەلیگوودەرز و خەلیل محەممەدی، خەڵکی شاری هەرسین و باوکی دوو منداڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەماوا (پارسیلۆن) جێبەجێ کرا.

ئەم دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

شایانی باسە کە سەرەڕای پێشنیاری دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی جەلال وەحدەتی، بەڵام ئەم پیشنیارە لەلایەن کۆمیسیۆنی تایبەتی دادوەرییەوە ڕەت کرایەوە.

ڕۆژی ڕابردوو ئەو دوو بەندکراوە لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی پارسیلۆن گواسترابوونەوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو دوو بەندکراوە لە هەواڵدەری و ڕایگەیاندنەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە دەزگای دادوەریی حکوومەت بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە