گواستنەوەی قاسم ئابەستە، بەندکراوی مەزهەبیی کورد بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە
قاسم ئابەستە، بەندکراوی مەزهەبیی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج، دوای نزیک ١٤ ساڵ بەندکران بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣
قاسم ئابەستە، بەندکراوی مەزهەبیی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج، دوای نزیک ١٤ ساڵ بەندکران بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی ئەو بەندیخانە گواستراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)،قاسم ئابەستە، بەندکراوی مەزهەبیی کورد و خەڵکی مەهاباد، لەگەڵ چەند بەندکراوی دیکە کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان و کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترانەوە.
گواستنەوەی قاسم ئابەستە بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی، دوای تێپەڕکردنی ماوەی ١٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکرانە و هەنگاو زانیویەتی کە ئەو سزایە یەکشەممەی داهاتوو واتە ١٤ی خەزەڵوەر جێبەجێ دەکرێت.
قاسم ئابەستە لە ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٠٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترابووەوە.
ناوبراو وەکوو تۆمەتباری ڕیزی ئاخری دۆسیەی کوژرانی "عەبدوڵڕەحیم تینا" لەگەڵ شەش چالاکی مەزهەبیی کوردی دیکە بەناوەکانی داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەو نەشارەت، کامڕان شێخە و ئەیووب کەریمی لەلایەن لەقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە بەتۆمەتگەلی وەکوو " چالاکی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی"، "چالاکی دژ بە حکومەت"، "ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان" و "فساد فی الارض" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.
دانیشتنی پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی ئەو بەندکراوە ئایینییە کوردە ئاخرەکانی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٥ بەڕێوەچوو و ٥ی جۆزەردانی ٢٧١٦ سزاکەی بەشێوەی فەرمی ڕاگەیەندرا.
شایەنی باسە کە سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٧١٦ لەلایەن لەقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕازینی ڕەد کراوە و بەمەبەستی پێداچوونەوە ڕەوانەی لەقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران کرا.
لە جۆزەردانی ٢٧١٨ قاسم ئابەستە و ٦ هاودۆسیەکەی دیکەی بە تۆمەتی "فساد فی الارض" جارێکی دیکە لەلایەن لەقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبوڵقاسم سەڵەواتی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.
ئەو سزا بە گوشاری بەردەوامی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لەلایەن لەقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەندکرا و ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ بەشێوەی فەرمی بە مەحموود وەلیزادە تەباتەبایی، پارێزەری ئەو حەوت بەندکراوە ئایینییە کوردە ڕاگەیێندرا.
ئەو حەوت بەندکراوە لە بەندیخانەی گەوهەردەشت بەندکرابوون و ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ دوای بەتاڵکردنی ئەو بەندیخانە، بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترانەوە.
قاسم ئابەستە لەو ماوەی نزیک بە ١٤ ساڵە کە لە بەندیخانە بووە تووشی شێرپەنجەی تیرۆئید بووە و چەندین جار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین مانی لە خواردن گرتووە.