کوژران و برینداربوونی لانی کەم ٩ کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی ئازاد ستارپەناە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی کوژراوە و لانی کەم ٧ کۆڵبەری دیکەش بە تەقەی ڕ

١٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٠:١٤

 

هەنگاو: چوارشەممە، ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی ئازاد ستارپەناە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی کوژراوە و لانی کەم ٧ کۆڵبەری دیکەش بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە لە سنوورەکانی نەوسوود و بانە بریندار بوون. هاوکات کۆڵبەرێکی دیکەش بە خڕکەبەرد لەلایەن ئەو هێزانەوە سەر و پەراسووی شکاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو؛ شەوی سێشەممە، ١٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و بەو هۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی ئازاد ستارپەناە، تەمەن ٤٣ ساڵ، خەڵکی گوندی "دەرەزیارتی سەروو" سەر بە شاری سەقز و باوکی دوو منداڵ، کوژراوە.

هاوکات کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی گوندی "دەرەپەنبەدان"ی سەر بە شاری سەقز بە ناوی سراجەدین بە تەقەی ئەو هێزانە بەسەختی بریندار بووە و بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری بانە گواستراوەتەوە. ئەم کۆڵبەرە بە دوو گوللەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت پێکراوە.

لە لایەکی دیکەوە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشان تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لانی کەم ٦ کۆڵبەری خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی بریندار بوون. سگ و کەمەر و دەستی ئەم کۆڵبەرانە بە گوللەی ئەو هێزانە پێکراون و بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی قودس لە شاری پاوە گواستراونەتەوە.

شایانی باسە کە هەنگاوە خەریکی بەدواداچوون بۆ ناسنامەی ئەو ٦ کۆڵبەرەیە کە ڤیدیۆیەکیان لەو نەخۆشخانەیە بڵاو کراوەتەوە و لە ئەگەری بەدەستهێنانی هەر جۆرە زانیارییەک ڕای گشتی لێی ئاگادار دەکاتەوە.

هەروەها هەمان ڕۆژ لە سنووری شاری نەوسوود، کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی گوندی "تین"ی سەر بە شاردێی باینگان و بە ناوی تەیب خەسرەوی، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە داریە بەر خڕکەبەرد بەو هۆیەوە سەر و پەراسووی شکاوە. باس لەوە دەکرێت کە باری جەستەییی ئەم کۆڵبەرە زۆر نالەبار و ناجێگیرە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە