سزای سێدارەی دوو بەندکراو کە یەکیان خەڵکی ئەفغانستانە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێکرا

سزای سێدارەی باقر محەممەدی، بەندکراوی خەڵکی کۆیەشتی لوڕستان و هاووڵاتییەکی ئەفغانستان بەناوی نەزیر محەممەد، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج ج

٢٤ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٥:٣٧


هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

سزای سێدارەی باقر محەممەدی، بەندکراوی خەڵکی کۆیەشتی لوڕستان و هاووڵاتییەکی ئەفغانستان بەناوی نەزیر محەممەد، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێکرا. لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانی کەم ٢٤ هاووڵاتیی خەڵکی کۆیەشت و ٢٣ هاووڵاتیی ئەفغانستانی لە ئێران لە سێدارە دراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی باقر محەممەدی، بەندکراوی خەڵکی کۆیەشت لە بەندیخانەی قزڵحیسار جێبەجێکرا.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو بەندکراوە نزیکەی ١٠ ساڵ پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەش لەگەڵ پێنج تۆمەتباری دیکە بە تۆمەتگەلی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەرکرابوو کە تا ئێستا سزای سێدارەی چوار کەس لەو بەندکراوانە جێبەجێکراوە.

هاوکات سزای سێدارەی نەزیر محەممەد، هاووڵاتیی ئەفغانستان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێکرا. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەرکرابوو و دواتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ لانی کەم ٢٤ هاووڵاتیی خەڵکی کۆیەشت و ٢٣ کەس خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێدارە دراون.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لە سێدارە درانی ئەو بەندکراوانە لە میدیا حکومەتییەکان بە تایبەت میدیا نزیکەکان لە دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە