جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراو کە دوو کەسیان بران، لە بەندیخانەی ناوەندیی نەهاوەند

سزای سێدارەی فەرشید پیرحەیاتی و براکەی، فەرشاد پیرحەیاتی لەگەڵ بەندکراوێکی دیکەدا کە هاودۆسیەیان بووە بەناوی ئەسغەر سووری، لە بەندیخانەی ناوەند

٥ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٤:١٩


هەنگاو؛ یەکشەممە ٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی فەرشید پیرحەیاتی و براکەی، فەرشاد پیرحەیاتی لەگەڵ بەندکراوێکی دیکەدا کە هاودۆسیەیان بووە بەناوی ئەسغەر سووری، لە بەندیخانەی ناوەندیی نەهاوەند جێبەجێکرا. ئەو بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی یەکشەممە ٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی دوو برا بە ناوی فەرشید و فەرشاد پیرحەیاتی و هەروەها ئەسغەر سووری، سێ هاووڵاتیی لوڕ و بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی نەهاوەندی پارێزگای هەمەدان جێبەجێکرا.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەگەری لە سێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە هەیە و نووسیبووی کە هەوڵدانی بنەماڵەکانیان بۆ وەرگرتنی لێخۆشبوونی بنەماڵەی قوربانی بێ ئاکام ماوەتەوە.

فەرشید پیرحەیاتی، فەرشار پیرحەیاتی و ئەسخەر سووری، ڕۆژی ٥ی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٨ لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی فیزیکیدا هاووڵاتییەک بە ناوی مەیسەم زەمانییان کوشتووە و دوای دەستبەسەرکرانیان سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێندراوە. کەسێکی دیکەش سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو کە هەڵاتووە.

هەواڵی لە سێدارە درانی فەرشید پیرحەیاتی، فەرشاد پیرحەیاتی و ئەسغەر سووری هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دادوەریی ئێرانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە