گوشار خستنە سەر فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی لە سێدارەدراو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە

فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی لە سێدارە دراوی خەڵکی شنۆ، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەگەل چوار تۆمەتی دی

٦ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٨:٠٨


هەنگاو؛ دووشەممە ٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی لە سێدارە دراوی خەڵکی شنۆ، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەگەل چوار تۆمەتی دیکە ڕووبەڕوو بووەتەوە. ناوبراو پێشتر سزای یەک ساڵ بەندکران و دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێندراوی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایییانەدا فەخرەدین ئیبراهیمی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن خانەی دادی گشتی و شۆڕشی مەهابادەوە لەگەڵ چەندین تۆمەتی وەکوو "نافەرمانی کردن بە نیسبەت هێزەکانی ئێران"، "خراپکردنی موڵکی گشتی"، "بێڕێزی کردن بە حکومەت و هێزەکانی" و "حازرنەبوون لە خزمەتی زۆرەکیی سەربازی" بەرەوڕوو بووەتەوە. ناوبراو ڕۆژی دووی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر و دوای دوو ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بە ناردنی بڕیاری دەستبەسەرکردنی فەخرەدین ئیبراهیمی، هێزە ئەمنییەکان هەتا ئێستا چوار جار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەو گەنجە و گوشارەکانیان لەسەر بنەماڵەکەی زیاتر کردووە.

پێشتر، واتە سەرەتای جۆزەردانی ئەوساڵ، فەخرەدین ئیبراهیمی، لەلایەن لقی ١١٣ی دادگای تاوانەکانی دووی بەهەشتی ئورمیە بە تۆمەتی "شکاندنی شووشەی پاسەوانیی دادگای پێداچوونەوە" و بە پشتبەستن بە ماددەی ٦٨٧ لە یاساکانی سزای ئیسلامی سزای یەک ساڵ بەندکران و دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرابوو.

فەخرەدین ئیبراهیمی، ڕۆژی دووشەمە ٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، دوای ڕۆیشتن بۆ لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئورمیە دەستبەسەرکرا و ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ئەو مانگە، بەدانانی بارمتەی سەد ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازادکرا.

ناوبراو پێشتریش لە ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ دەستبەسەرکرابوو و ڕۆژێک دواتر، چەند کاتژمێر دوای جێبەجێکرانی سزای سێدارەی باوکی، مەحیەدین ئیبراهیمی ئازادکرابوو.

مەحیەدین ئیبراهیمی، باوکی فەخرەدین کە پیشتر بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، بەرەبەیانیی هەینی ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە لە سێدارە درا. ناوبراو تەمەنی ٤٦ ساڵ بوو و لە کاتی جێبەجێکرانی سزاکەیدا، پێنجەمین ساڵی بەندکرانی تێپەڕ دەکرد.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە