جێبەجێکردنی سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد؛ یەکیان قارەمانی پێشووی هەڕاکردنی بیاوانگەڕیی ئاسیایە

سزای سێدارەی شارام محەممەدبەیگی کە پێشتر لە بواری هەڕاکردنی بیاوانگەڕیدا پلەی سێیەمی ئاسیای بەدەست هێنابوو و هەروەها دوو بەندکراوی د

٧ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١١:١٠

 

هەنگاو؛ سێشەممە ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی شارام محەممەدبەیگی کە پێشتر لە بواری هەڕاکردنی بیاوانگەڕیدا پلەی سێیەمی ئاسیای بەدەست هێنابوو و هەروەها دوو بەندکراوی دیکەی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کران. ناسنامەی ئەو دوو بەندکراوەکەی دیکە هێشتا بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٢٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی شارام محەممەدبەیگی، بەندکراوی تەمەن ٣٨ ساڵ، خەڵکی شاری ئیلام و قارەمانی هەڕاکردنی بیاوانگەڕیی لاوانی ئێران، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئیلام جێبەجێ کرا.

شارام محەممەدبەیگی کە خێزاندار و باوکی سێ منداڵە، ٣ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی هاوڕێیەکی بە ناوی موجتەبا پیری، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

ئەم وەرزشکارە کوردە کە پێشتر لە بواری هەڕاکردنی بیاوانگەردی پلەی سێیەمی ئاسیای بەدەست هێنابوو، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٢٧١٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و پاشانیش لە زانکۆش دەرکرا.

شایانی باسە کە شارام محەممەدبەیگی لە ساڵی ٢٧٠٤ لە بواری هەڕاکردنی بیاوانگەردی پلەی سێیەمی ئاسیای بەدەست هێنابوو و هەروەها لە کێبڕکێیەکانی هەڕاکردنی بیاوانگەردیی ناوخۆییی ئێرانیش لە ئاستی لاواندا میدالیای زێڕی بەدەست هێناوە.

ناسنامەی دوو بەندکراوی دیکە کە هەردوویان کوردن و بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، هەتا ئێستا بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوانە لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەتی ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە دەزگای دادوەریی ئەو حکوومەتە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە