ئاشکراکردنی ناسنامەی دوو بەندکراوی دیکەی لە سێدارەدراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام

ناسنامەی دوو بەندکراوی دیکەی لە سێدارەدراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام، لەلایەن هەنگاو بەناوی عەلی ئاقا محەممەدی و ناسر مەقسوودی ئاشکراکرا. هاوکات لەگە

٧ سەرماوەز ٢٧٢٣، ٢٢:٢٣


هەنگاو؛ سێشەممە ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

ناسنامەی دوو بەندکراوی دیکەی لە سێدارەدراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام، لەلایەن هەنگاو بەناوی عەلی ئاقا محەممەدی و ناسر مەقسوودی ئاشکراکرا. هاوکات لەگەل ئەو دوو بەندکراوە، سزای لە سێدارەدانی شارام محەممەدبەیگی، خاوەنی پلەی سێیەمی ئاسیا لە بواری هەڕاکردنی بیاوانگەڕایدا جێبەجێکرابوو. ئەو سێ بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی سێشەممە ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٢٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی عەلی ئاقا محەممەدی، تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئیلام جێبەجێکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەلی ئاقا محەممەدی، ساڵی پێشوو بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی خۆی دەستبەسەرکرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها سزای سێدارەی ناسر مەقسوودی، بەندکراوی خەڵکی دەڕەشاری پارێزگای ئیلام، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێکرا. ئەو بەندکراوەش سێ سال پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەرکرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هاوکات لەگەڵ ئەو دوو بەندکراوە، سزای سێدارەی شارام محەممەدبەیگی، بەندکراوی تەمەن ٣٨ ساڵ، خەڵکی ئیلام و قارەمانی هەڕاکردنی بیاوانگەڕیی لاوانی ئێران لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێکرا. ناوبراو سێ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی هاوڕێکەی بەناوی موجتەبا پیری، دەستبەسەرکرا و دواتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو یاریزانە، لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی گەڵاڕێزانی ٢٧١٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و دواتر لە زانکۆ دوورخسترابۆوە. ناوبراو، ساڵی ٢٧٠٤ لە کێبڕکێکانی قارەمانیی هەڕاکردنی بیاوانگەڕیی ئاسیادا پلەی سێیەمی بە دەست هێنابوو و لە کێبڕکێکانی ناوخۆیی لە ئاستی لاوانیشدا، نیشانی زێڕی بە دەست هێنابوو.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو سێ بەندکراوە هەتا کاتی داڕشتنی ئەو هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا نزیکەکان لە دادوەریی ئێرانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە