دەستبەسەرکردنی زەکەریا کەریمی، برای ئەیووب کەریمی، بەندکراوی مەزهەبیی لەسێدارەدراوی کورد

زەکەریا کەریمی، برای ئەیووب کەریمی، بەندکراوی مەزهەبیی خەڵکی شاری مەهاباد کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج سزای سێدارەکەی جێبەجێ کر

١٠ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٨:٤٩

 

هەنگاو: هەینی، ١٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

زەکەریا کەریمی، برای ئەیووب کەریمی، بەندکراوی مەزهەبیی خەڵکی شاری مەهاباد کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج سزای سێدارەکەی جێبەجێ کرا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، زەکەریا کەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری سەردەشت دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی کەریمی، ئەو هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکردنی لە شاری سەردەشت لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە لە شاری ئورمیە گواستراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، هاوژینی زەکەریا کەریمی و منداڵە بچووکەکەیشی لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراون و دوای چەند کاتژمێرێک بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراون.

پاش بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدیۆیەکی دایکی تەمەن ٧٠ ساڵی ئەیووب و زەکەریا کەریمی، کە ڕوو بە ڕای گشتیی خەڵک و بەتایبەت دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای ڕاگرتنی لەسێدارەدانی کوڕەکەی، واتە ئەیووب کەریمی کردبوو، بنەماڵەی کەریمی کەوتنە ژێر گوشاری وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران.

دەستبەسەرکردنی زەکەریا کەریمی لە کاتێکدایە کە سزای سێدارەی ئەیووب کەریمیی برای، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە و دوای ١٤ ساڵ بەندکردن، سزای لەسێدارەدانی جێبەجێ کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە