بەندیخانەی ناوەندیی سنە؛ گواستنەوەی دوو بەندکراو بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە

خالید ڕۆحی و سیرووس حەیدەری، دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی

١٣ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٦:٢٦


هەنگاو؛ دووشەممە ١٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

خالید ڕۆحی و سیرووس حەیدەری، دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانە گواستراونەتەوە و مەترسیی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو دوو بەندکراوە لە ڕۆژانی داهاتوودا لەئارادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، خالید ڕۆحی، خەڵکی گوندی "چەمسوو" سەر بە شاری سنە و سیرووس حەیدەری، بەندکراوی تەمەن ٦٠ ساڵ و دانیشتووی سنە، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان لە ژووری گشتییەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراونەتەوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، سیرووس حەیدەری لە ١٢ ساڵ پێش و خالید ڕۆحی چوار ساڵ پێشتر، بەتۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەرکرابوون و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

خالید ڕۆحی پێشتریش، دوو جار لە ڕۆژانی یەکشەممە ٣٠ی ڕەزبەر و شەممە ٢٨ی گوڵانی ئەمساڵ، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانی، بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترابۆوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە