جێبەجێکردنی سزای سێدارەی چوار بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج

سزای سێدارەی لانی کەم ٤ بەندکراو بە ناوەکانی موجتەبا ئەمیری، مەنووچێهر بەرزەگەرگیزەروود، ساسان مەلەکی و مەهدی مورادی، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.

١٤ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٦:٤٩

 

هەنگاو: سێشەممە، ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی لانی کەم ٤ بەندکراو کە دوویان کورد بوون بە ناوەکانی موجتەبا ئەمیری، مەنووچێهر بەرزەگەر، ساسان مەلەکی و مەهدی مورادی، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، موجتەبا ئەمیری تەمەن ٤٢ ساڵ و مەنووچێهر بەرزگەر تەمەن ٤٠ ساڵ و هەر دوو خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان لەگەڵ دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی مەهدی مورادی خەڵکی ئەراک و و ساسان مەلەکی، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری کەرەج سزای لەسێدارەدانیان جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چوار بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو چوار بەندکراوە لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەتی ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە دەزگای دادوەریی ئەو حکوومەتە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە