سنووری بانە؛ برینداربوونی لانی کەم چوار کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران
شاخەوان ئەحمەدی و ئومێد یەزدانی، دوو کۆڵبەری لاوی خەڵکی سەقز و دوو کۆڵبەر بەناوەکانی پەرویز خەڵکی کرماشان، و حیسام فاتیحی خەڵکی سنە، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخ
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٣
شاخەوان ئەحمەدی و ئومێد یەزدانی، دوو کۆڵبەری لاوی خەڵکی سەقز و دوو کۆڵبەر بەناوەکانی پەرویز خەڵکی کرماشان، و حیسام فاتیحی خەڵکی سنە، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و هەروەها ڕاوەدوونانیان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە سنوورەکانی بانەدا بەسەختی بریندارکران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دووشەممە ١٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، شاخەوان ئەحمەدی تەمەن ٢٠ ساڵ و ئومێد یەزدانی تەمەن ٢٣ ساڵ، کۆڵبەرانی خەڵکی سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بەسەختی بریندارکران.
پێشتر واتە ئێوارەی شەممە ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣، کۆڵبەرێک بەناوی پەرویز، خەڵکی کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و حیسام فاتیحی، کۆڵبەری خەڵکی گوندی کەرجۆی سەر بە شاری سنە، بەهۆی ڕووداوێک لە کاتی دواکەوتنیدا لەلایەن هێزەکانی جێگیر لە سنووری هەنگەژاڵی بانەوە بریندار بوون.
شاخەوان ئەحمەدی و پەرویز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی چەکی ساچمەیی لاقیان و حیسام فاتیحی بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی لە کاتی پەناگرتن لە تەقەی هێزە حکومەتییەکان دەستی بە سەختی بریندارکراوە.