ڕۆژی خوێندکار؛ ڕاپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی ٤٤ خوێندکار و سەپاندنی سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەر ٣٥ خوێندکار

هاوکات لەگەڵ ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار لە ئێراندا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتێکی ئاماری لەسەر پێشێلکردنی مافی خوێندکاران کە بری

١٦ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٩:٥٩

 

هەنگاو؛ ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٣


هاوکات لەگەڵ ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار لە ئێراندا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتێکی ئاماری لەسەر پێشێلکردنی مافی خوێندکاران کە بریتییە لە دەستبەسەرکردنی ٤٤ خوێندکار و دەرکردنی سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بۆ ٣٥ خوێندکارە ئامادە کردووە. هەروەها سەرەڕای ئەو ئامارە دەیان خوێندکار لە زانکۆکان دەرکراون یان بۆ چەند تێرم دوورخراونەتەوە و لەخوێندن بێبەش کراون.
 

دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٤٤ خوێندکار

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ی زایینییەوە _ماوەی نزیکەی ١١ مانگ_ لانی کەم ٤٤ خوێندکار، کە ناسنامەیان بەتەواوی بۆ هەنگاو ئاشکراکراوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارە جیاوازەکاندا دەستبەسەرکراون.

بەپشتبەستن بەو ئامارە، لە سەرجەم ئەو خوێندکارانەی کە دەستبەسەرکراون ١٧ کەسیان واتە ٣٩% کۆی حاڵەتەکان کچ بوون.

زیاترین ئاماری خوێندکارانی دەستبەسەرکراو کە لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا دەستبەسەرکراون، ٢١ کەس واتە ٤٨% چالاکانی خوێندکاری کورد بوون. لەو ماوەیەدا لانی کەم ٦ چالاکی خوێندکاریی تورکی ئازەربایجانی و ٤ چالاکی بەلووچیش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.


دەرکردنی سزای بەندکران و قامچی بۆ ٣٥ چالاکی خوێندکار

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ تا ئێستا، لانی کەم ٣٥ چالاکی خوێندکاری کە ل ١٠ چالاکی خوێندکاری کچ لەخۆ دەگرێت لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای بەندکران و قامچی و سزا و هتد بەسەریاندا سەپێندراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ٣٢ چالاکی خوێندکاری سەرجەم بە ٩٦ ساڵ و یەک مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکران سزا دراون. هەروەها سێ چالاکی خوێندکاریش سزای ١١ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێندراویان بەسەردا سەپاوە.

سەرەڕای سزای بەندکران، لانی کەم ٥ چالاکی خوێندکاریش لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرجەم ٢٨٤ زەربە سزای نامرۆڤانەی قامچی بەسەریاندا سەپێندراوە.

لەگەڵ دەستبەسەرکرانە بەربڵاوەکان بە شێوەی ئاشکرا و دزراوە و لە پەنای هەڕەشە تەلەفۆنییەکان و ڕاوەدوونانە شاراوەکانی خوێندکاران، دەرکردنی سزای سەخت لە بەندکران و قامچی لێدانەوە هەتا دەرکران و دوورخستنەوەی خوێندکاران، هەموویان لە کەرەستەکانی پێشێلکردنی ڕێکخراوانەی مافی مرۆڤ و سەرکوتکردنی بزووتنەوە زانکۆیییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامی بەناوی ئالقەکانی پەیوەندی دانی زانکۆکان لەگەڵ خەڵکدان.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە