سوهراب ئاویزکەن بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا

لاوێکی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی سوهراب ئاویزکەن کە یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"یە و پێشتریش لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە

٢٠ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٧:١٢

 

هەنگاو: دووشەممە، ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

لاوێکی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی سوهراب ئاویزکەن کە یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"یە و پێشتریش لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای ٣ ساڵ بەندکردن و ٣ ساڵ دوورخرانەوە لە زێدی خۆی بەسەریدا سەپاوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، سوهراب ئاویزکەن کە باوکی منداڵێکە، دوای ئەوەی کە لەلایەن لقی جێبەجێکاریی بڕیارەکانی داواکاریی گشتی و شۆڕشی مەهاباد بانگ کراوە، دەستبەجێ دەستبەر و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی" و "بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان" سزای ٣ ساڵ بەندکردن و ٣ ساڵ دوورخستنەوە لە زێدی خۆی بۆ شاری زەنجان بەسەریدا سەپاوە.

هەنگاو پێشتر بەگوێری زانیاریی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئاویزکەن ڕایگەیاندووە: جیا لەوەی کە لەلایەن هێزە سوپای پاسدارانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە ڕفێندراوە، لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییەش بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ ئازار و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دراوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە، ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، لەلایەن هێزەکانی ناوەندی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراوە.

ناوبراو پاش لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەلایەن ئەو ناوەندە حکوومەتییەوە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە مەهاباد گواستراوەتەوە و پاش چوار مانگ هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ڕەوتی ڕفاندنی ئەو هاووڵاتییەدا، هەوڵی تێکدانی ماڵ و پارکینگ و ئۆتۆمبێلی ناوبراویان داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە