جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان

سزای سێدارەی عوبەید مەحموودی، بەندکراوی خەڵکی شاری ڕوانسەر لە بەندیخانە ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی ژنێکی

٢٢ سەرماوەز ٢٧٢٣، ٢٠:٥٩

 

هەنگاو: چوارشەممە، ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی عوبەید مەحموودی، بەندکراوی خەڵکی شاری ڕوانسەر لە بەندیخانە ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی ژنێکی تەمەن ٣٧ ساڵ سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە. لە سێزدە ڕۆژی ڕابردوودا سزای سێدارەی ١٣ بەندکراوی کورد لەئێران جێبەجێکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (١٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی عوبەید مەحموودی، خەڵکی گوندی "قوڕی قەڵا"ی سەر بە شارۆچکەی شاهۆی شاری ڕوانسەر، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری کرماشان (دیزڵ‌ئاوا) جێبەجێ کرا.

ئەو بەندکراوە لە ڕەزبەری ساڵی ٢٧٢١ بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی مەرزیە حاسڵی، خەڵکی گوندی "مسکیناوا"ی سەر بە شاری ڕوانسەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی خۆی وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە بکوژ یان بکوژەکانی ئەو ژنە بە تەماحی دزینی زێڕەکانی ناوبراویان کوشتووە، ڕایگەیاندووە؛ لەو پەیوەندییەدا چەند کەسێک تەنانەت شووەکەی و مێردی پێشووتریشی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

مەرزیە حاسڵی ڕۆژی پێنجشەممە، ١ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (٢٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢١) لە ماڵی خۆیان چووەتە دەرەوە و ڕۆژی هەینی، ٢ی ڕەزبەر (٢٤ی سێپتەمبەر)، تەرمەکەی لە جادەی کامێران دۆزرایەوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ١٣ ڕۆژی یەکەمی مانگی دیسەمبەری ٢٠٢٣دا، لانی کەم سزای سێدارەی ١٣ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە