هێزە ئەمنییەکان لە کرماشان بە شێوەیەکی نایاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کیومەرس ئەمیری، توێژەر و شاعیر

هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری کرماشان بە شێوەیەکی نایاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کیومەرس ئەمیری‌کەلەجۆیی (ناسراو بە لەک ئەمیر)، شاعیر، نووسەر، ڕۆژنام

٢٧ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١١:٠٣

 

هەنگاو: دووشەممە، ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری کرماشان بە شێوەیەکی نایاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کیومەرس ئەمیری‌کەلەجۆیی (ناسراو بە لەک ئەمیر)، شاعیر، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و توێژەر و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی بەتەواوەتی ماڵەکەیان پشکنیوە. ناوبراو بەهۆی چالاکییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانییەوە بەردەوام لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکاندایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو؛ کاتژمێر ٧: ٣٠ی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (١٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە شێوەیەکی نایاسایی و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کیومەرس ئەمیری‌کەلەجۆیی (ناسراو بە لەک ئەمیر)، شاعیر، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و توێژەر و بەتەواوەتی ماڵ و کەلوپەلە تاکەکەسییەکانیان پشکنیوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان وێڕای هەڕەشەکردن و خولقادندنی دۆخێکی ترسێنەر و پڕ لە دڵەڕاوکێ، لە وەڵامی داوای مۆڵەت و بەڵگەیەکی یاسایی بۆ چوونە ژوورەوە لەلایەن لەکەمیرەوە، نامەیەکیان بە نووسراوەیەکی ناڕوون پیشان داوە و تەنانەت ڕێگەیان نەداوە ئەو شاعیر بەتەواوەتی دەقی نووسراوەی ناو نامەکەش بیخوێنێتەوە.

ناوبراو پێشتر لە کاتی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن هێز و ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بانگ و لێپرسینەوەی لێ کراوە و تەنانەت لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە کۆڕە و شەوەشیعرەکانی هەڵوەشاونەتەوە یان ڕێگەیان پێ نەدراوە.

لەک ئەمیر، شاعیرێکی ناوداری کورد کە بە کوردیی خوارین و بەتایبەت شێوەزاری لەکی شیعر دەهۆنێتەوە و چەندین بەرهەمیشی لە بوارە جیاوازە ئەدەبییەکاندا چاپ و بڵاو کراونەتەوە، وەک کۆمەڵەچیرۆکی "مرثیەای برای تو"، کۆمەڵەچیرۆکی "گورستان یخ زدە"، کتێبی شیعریی "خڕیوە" و کۆمەڵەئەفسانەی لەکی.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە