پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی موجاهید کورکور لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵا و مەترسی جێبەجێکرانی سزای ئەو بەندکراوە

دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، سزای سێدارەی عەباس (موجاهید) کورکور، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری ئیزە پشتڕاس

٤ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٠:٣٦


هەنگاو؛ یەکشەممە ٣ی بەفرانباری ٢٧٢٣

دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، سزای سێدارەی عەباس (موجاهید) کورکور، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری ئیزە پشتڕاست کردەوە. موجاهید کورکور کە یەک ساڵ و چوار ڕۆژە دەستبەسەرکراوە، پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەهواز سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و بە ناردنەوەی دۆسیەکەی بۆ ئیزە مەترسی جددیی جێبەجێکرانی سزای ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ئارادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٢٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، لقی ٣٩ی دادگای دیوانی باڵای ئێران سزای سێدارەی موجاهید کورکوری پشتڕاست کردووەتەوە. ئەو هاووڵاتییە لوڕە بەختیارییە و خەڵکی ئیزە لە ڕەوتی کوشتنی هاووڵاتییانی ئەو شارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە هێرشێکی چەکدارانەی هێزەکانی سوپای پاسداران بریندار و دەستبەسەرکرا.

نیگار کورکور، خوشکی موجاهید کورکور لە لاپەڕەکەی خۆیدا لە ئینستاگرام، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی پشتڕاستبوونەوەی سزای سێدارەی براکەی لە دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕایگەیاندووە کە ئەو دۆسیە لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ئەهواز بۆ دادگای ئیزە ناردراوەتەوە.

مافی ژیان سەرەکیترین مافی مرۆڤە و لە حاڵێک کە ئەو مافە لە مرۆڤ وەرگیردرێت مافەکانی دیکە هیچ مانایەکیان نابێت. لەگەڵ پڕبایەخبوونی مافی ژیان، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە سەرووی ئەو وڵاتانەیە کە مافی ژیان لە مرۆڤەکان ئەستێنێت. هەنگاو لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نێودەوڵەتی داوا دەکات کە بە گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی ڕێگری لە وەرگرتنی مافی ژیانی بەندکراوان بەتایبەت بەندکراوانی سیاسی و دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بکەن.

ڕۆژی ١٨ی خاکەلێوەی ئەوساڵ، ماڵپەڕی "میزان"، پەیوەندیدار بە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەواڵی دەرکردنی سزای سێدارەی بۆ موجاهید کورکور، ناڕازیی بەندکراو بە تۆمەتی "موحاڕبە و افساد فی الارض" بڵاوکردووەتەوە. ئەو سزا پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەهواز بە تۆمەتگەلی پەیوەندیدار بە کوژرانی کیان پیرفەلەک، منداڵی تەمەن ٩ ساڵەی کوژراو لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەرکرابوو.

لەحاڵێکدا کە دەزگای دادوەری، کاربەدەستان و میدیا حکومەتییەکان، لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەوڵیان داوە کە تۆمەتی کوشتنی کیان پیرفەلەک بە موجاهید کورکور نیسبەت بدەن، ماهمونیر مورادی، دایکی کیان پیرفەلەک لە ڕێوەڕەسمی بەخاک سپاردنی کوڕەکەیدا کوتبووی کە "هێزە ئەمنییەکان" بوون کە ئۆتۆمبێلەکەیان لە کاتی تێپەڕبوون لە شەقام "داوەتە بەر دەستڕێژ"، کە ئەوەش بووەتە هۆی کوژرانی کیان و سەخت برینداربوونی هاوژینەکەی. ئەو هەروەها بە ڕاشکاوی گوتەیەتی کە: " من، دایکی کیان، هیچکات ناساندنی هیچ یەک لە هاوشارییەکانم وەکوو بکوژی کیان قبووڵ ناکەم."

پێشتر دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی، کوژرانی ٧ هاوولاتیی خەڵکی ئیزەی لە ٢٥ی خەزەلوەری ٢٧٢٢ بە چەند هاووڵاتی وەکوو عەباس کورکور، بەهمەن بەهمەنی، حوسێن سەعیدی و مەحموود ئەحمەدی نیسبەت داوە. بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٢ش، داواکاری گشتی و شۆڕشی شاری ئیزە ڕایگەیاند کە بۆ ٧٠ هاوولاتیی ناڕازی پەیوەندیدار بە کۆبوونەوەکانی خەڵک لەو شارە دۆسیەی دادوەری کراوەتەوە.

موجاهید کورکور کە ئێستا لە بەندیخانەی شیبانی ئەهواز بەسەر دەبات، پێشتر بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجە داندرابوو و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها هەموونی مافی پارێزەر بێبەشکرابوو.

موجاهید کورکور، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لە کاتی هێرشی چەکدارانەی سوپای پاسداران بۆ سەر گوندی "پرسووراخ" سەر بە ئیزە، بریندار و دواتر دەستبەسەرکرا. هەروەها لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی سوپای پاسداران، دوو لاوی دیکە بەناوەکانی مەحموود ئەحمەدی و حوسێن سەعیدییان کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە