جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی محەممەدڕەزا میهرەبان کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" ئەو سزایە بەسەردا سەپابوو

٥ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٥:٤٧

 

هەنگاو: سێشەممە، ٥ی بەفرانباری ٢٧٢٣

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی محەممەدڕەزا میهرەبان کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" ئەو سزایە بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، ٥ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٢٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی محەممەدڕەزا میهرەبان، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری قوروە، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

هەنگاو ڕۆژی یەکشەممەی ئەم حەفتەیە، لە هەواڵێکی دیکەدا ڕایگەیاند کە محەممەدڕەزا میهرەبان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی، بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی سنە گواستراوەتەوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ناوبراو لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت ڕاگەیاندنەکانی سەر بە دەزگای دادوەریی ئەو حکوومەتە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە