بەندیخانەی ئورمیە؛ گواستنەوەی چوار بەندکراو بە تۆمەتی "سیخوڕی" بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە

پێنج بەندکراوی کوردی خەڵکی ئورمیە بەناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی، ڕەحمان پەڕحازوو، مەنسوور ڕەسووڵی و نەسیم نەمازی بەمەبەستی جێبەجێ

٧ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٧:٠٨


هەنگاو؛ پێنجشەممە ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٣

چوار بەندکراوی کوردی خەڵکی ئورمیە بەناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی، ڕەحمان پەڕحازوو و نەسیم نەمازی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدان بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ئەو شارە گواسترانەوە. ئەو بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٢٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی، ڕەحمان پەڕحازوو و نەسیم نەمازی، ئەو بەندکراوانەی کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدان بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترانەوە. سزای سزای سێدارەی ئەم چوار بەندکراوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵای وڵات پشتڕاستکراوەتەوە و سزای سێدارەی مەنسوور ڕەسووڵی هەڵوەشاوەتەوە و بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی گۆڕدراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە هەنگاو گەیشتوون، ئەو بەندکراوانە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە گواستراونەتەوە، و ئەگەری جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو پێنج کەسە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی داهاتوو واتە هەینی لە ئارادایە.

هەنگاو ئاگادارکراوەتەوە کە بنەماڵەی ئەو چوار بەندکراوە دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵیان بووە و ئێستا تەواوی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی بەندیخانەی ئورمیە بەستراوە.

وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی، ڕەحمان پەڕحازوو، مەنسوور ڕەسووڵی و نەسیم نەمازی، کۆتایییەکانی مانگی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی شاری ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەفزادە، بە تۆمەتی" بەشداریکردن لە هاوکاری ئیتلاعاتی و سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها ئەو دادگا بە تۆمەتی هاوشێوە، کامران هەنارە، فەخرەددین دوودکانلووی میلان، ئەشکان عوسمانزادە گەندووک، حەسەن عومەرپوور و ئەمیر موشتاق گەنگچین، پێنج بەندکراوی دیکەی خەڵکی ئورمیە، هەریەک سزای دە ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

لەو بەینەدا ناوی مەنسوور ڕەسووڵی، لە نێوان ئەو پێنج بەندکراوەی کە سێدارەیان بەسەردا سەپاوە ناسراوتەو. پێشتر وێنە و ڤیدیۆکانی بەناوی "لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە" لە ناوبراو لەلایەن "گرووپەکانی سەر بە ئیسرائیل" بڵاو کرابووەوە.
ئەو دە بەندکراوەی خەڵکی ئورمیە، لەماوەی ساڵانی ٢٧٢١ و ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕفێندرابوون. ئەو هاووڵاتییانە هەرکام چەند مانگیان لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی تێپەڕکردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە